پارتی کار بۆ پێشخستنی زیاتری بواری لاوان دەکات
ئەندامێکی پێشووی سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی دیموکرانی کوردستان ڕوونی کردەوە: "لە ڕابردوودا خزمەتی گەنجان و بواری وەرزش یەکێک بووە لە ئەولەویەتی کارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر تەنیا چاوێک بە خزمەتەکانی پارتیدا بخشێنینەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت پارتی چ لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا، یانیش تیمی پارتی لە ناو حکوومەت چ خزمەتێکی بە گەنجان و لاوان کردووە، ھەموومان لەبیرمانە کە خوزگەمان بەوە دەخواست یاریگایەکی چیمەن ھەبیت بۆ یاریکردن، کەچی پارتی دەیان و سەدان یاریگاری چیمەنی بۆ گەنجان و لاوان دروست کرد، کە ھۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان مەشق و ڕاھێنانیان تێدا بکەن."
نەوزاد فوئاد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پارتی لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانییەوە خزمەتێکی زۆری پێشکەش بە گەنجان و بواری وەرزش کردووە، لە ڕابردوودا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی پارتی لە ناو حکوومەت چەندین پڕۆژەی وەرزشی جێبەجێ کراون، چ ئەوانەی لەسەر ئاستی تاکن و چ ئەوانەی بە کۆمەڵن، پێدانی قەرزی بچووک و پێشینەی ھاوسەرگیری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، ھەمووی بەرھەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ گەنجان و لاوان."
لە خاڵێکی دیکەی کارنامەی لیستی پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە، شیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانین و کارامەییی لاوان و ھاندانی کولتووری و بڕواکردن بە تواناکانیان لە بەڕێوەبردنی جومگەکانی حوکمڕانی و کارگێڕیی و چالاکییە گشتییەکاندا یەکێکە لە کارەکانی پارتی لە چوار ساڵی ئایندەدا.
ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی لاوان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرەڕای سەپاندنی قەیرانی دارایی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا، کەچی خزمەتی باشیش پێشکەش کراوە، ھەرچەندە ئەوەی کراوە بە گوێرەی خواستی پارتی نەبووە، لەبەر ئەوەی پارتی دەخوازێت زیاتر خزمەتی چینی گەنجان بکات، بەڵام ئەوەی ھەبووە، خراپ نەبووە، چونکە لە زۆر ڕووەوە گەنج لە سیاسەتی پارتی سوودمەند بووە."
لە چوار ساڵی ئایندەدا پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی کارنامەی لیستی ١٨٣ی خۆیەوە دەیەوێت زیاتر بەردەوامی بە خزمەتی گەنج بدات و چەندین پڕۆژە لە نێو ھەگبەی کاندیدانی پارتیدایە. لەوبارەیەوە نەوزاد فوئاد گوتی: "پارتی دەیەوێت سوود لە توانا و بەھرەی گەنجان وەربگرێت، ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو گەنج چاوەڕێی دەکرد پارتی لە چوار ساڵی دیکەدا جێبەجێی دەکات. پارتی بایەخدان بە خواستی گەنجان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە ھەمووی گرنگتر، پارتی شتێک ناخاتە ناو کارنامە و پلانی خۆی، ئەگەر توانای جێبەجێکردنی نەبێت، لەبەر ئەوە، گەنجان چاویان بڕیوەتە کارنامە و پلانی پارتی و گەنجان بە کارنامەی خۆیانی دەزانن.
kdp-
