حزبی دیموکرات: ئەمریکا لە بۆردوومانەکەی کۆیە دەكۆڵێتەوە

حزبی دیموکرات: ئەمریکا لە بۆردوومانەکەی کۆیە دەكۆڵێتەوە



ئەمڕۆ چوارشەممە دکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای كرد ئەمریکییەکان و ناوەندەکانی دیکەی نیودەوڵەتی هاتوونەتە سەر خەت و لە بۆردوومانەكەی كۆیە دەكۆڵنەوە.


دكتۆر حەسەن زادە رایگەیاند لە یەکەم رۆژی رووداوەکەشدا دوو تیمی سەربازیی بیانی سەردانی ئەوانیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.


جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا كردووە كە لە دوای بۆردوومانی بارەگاکانی حزبەکەیان لە شاری کۆیە، چەند تیمێکی بیانی سەردانی شوێنەکەیان کردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.


دەشڵێ ئەوان غافڵگیربوونە لە رووداوێکی لەو شێوەیە، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئێران یەکەم جارە بەم جۆرە سەروەریی خاکی عێراق ببەزێنێ و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی نێودەوڵەتییە.


دکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی گوتوویەتی "بەهۆی ئەوەی رژێمی ئێران هەمیشە ئامرازی توند و هێرشی تیرۆریستی بەرامبەر ئێمە بەکارهێناوە، چەند مانگێکیش بوو بەرپرسانی سەربازیی ئێرانی بەئاشکرا هەڕەشەیان دەکرد کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانمان، تەنانەت لەناو قوڵایی هەرێمی کوردستانیش، ئێمەش فێر بووینە کە لە بەرامبەر ئەو جۆرە مەترسییانە رێکاری پێویست بگرینەبەر، بەڵام رەنگە پێشبینی ئەوەمان نەکردووە کە لەم کاتەدا بەو ئامرازە قورسە هێرش بکاتە سەرمان، چونکە ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نەیارانی خۆیدا کە لە دەرەوەی سنوورەکانی بەشێوەیەکی وا قورس زەبر لە هێزێکی نەیاری خۆی دەوەشێنێ، بۆیە تا رادەیەک دانی پێدادەنێم کە لەوبارەوە غافڵگیربووین".



وەك یەكەم میدیا ئاشكرای كردبوو تیمێكی شارەزای ئەمریكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی كۆیە دەكەن.



رۆژی شەممەی رابردوو چەند مووشەکێک کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی حزبی دیموكراتی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٥ کەس شەهید كران، کە شەشیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون و ٤٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

bas news-
Top