بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
هەروەک ڕونە هەرێمی کوردستان لەبەردەم بەرکەوتەکەیەکی تری نیشتمانی و سیاسی خۆیدایە ، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە .
ئەمرۆش لە کاتژمێر ١٢ی شەوی رابوردووە وە ، هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی ئارامی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەسەر برد .
بەرێزان ئێمە لە بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی ، وەک رێکخراوێکی خۆبەخش وسەربەخۆ و ئاشتیخواز و چاکە خواز ، لە سۆنگەی هەستیاری زۆری دۆخەکە لە بریندار بونی نەستی هێز و لایەنەکان لە گەڵ یەکتر ، ئاڵ و گۆڕی تەحەدییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە وتوانای مامەڵە لەگەڵ کردنیان لە پێگەی هەرێمێکی یەکگرتو ، گەلێکی خاوەن پیرۆزەکانە ، هەروەها بۆ نیشاندانی ڕوی شارستانیمان و بیناکردنەوەی متمانەی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و ئومێد بەخشینەوە بە هاوڵاتیانی خۆشەویست و دەنگدەران ، بە پرۆسەی سیاسی و ئایندەیی وڵاتەکەیان ، بۆیە داوا لە هەمو لایەک دەکەین ، پروپاگەندەی هەڵبژاردن بکەینە دەرفەتێکی تری بەدەستهێنانەوەی هێز و قوڵکردنەوەی گیانی بەیەکەوە ژیان و بیناکردنەوەی ریزەکانی ناوخۆ و کۆبونەوە بەدەوری پرۆژەیەکی نیشتمانی و نەخشەرێگایەک بۆ جوان ئیدارەکردنی دۆخەکە لە ئێستا و دوای هەڵبژاردندا . هەمومان بە گیانی لێپرسراوێتی و نیشتمانی و سیاسی و ئاینی و ئەخلاقییەوە ، مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەین و بەشێکی بین لە زەمینەسازکردن بۆ کاری بەیەکەوەیی نیشتمانی ،جا هێزەکان لە حکومەتدا بەشدار بن یا خود لە دەرەوەی حکومەت .
بەڕێزان ئێمە لە بزاڤی ئاشتی ناوخۆیدا ، شتێکی زیاد ناهێنین ئەگەر هەمو نەخرێتە بەردەم ئەو لێپرسراوێتییەی ،کە هەمو بەریەککەوتن و مەترسی دروستکردنێک بۆ سەقامگیری ئاشتی ناخۆیی ، جگەلەوەی بە زیانی هەمومان تەواو دەبێت ، هاوڵاتیانیش لە بەشدارییەکی گەرم و گوڕ نائومێد دەکات ، بۆیە دوبارە داوامان ئەوەیە ، کە سەرجەم حیزب و قەوارە سیاسییەکان و قەوارە و لیستەکان و چالاکەوانی سۆشیال میدیا و ڕاگەیانراوەکان هاوڵاتیان لێپرسراوێتی قۆناغەکە لە ئەستۆ بگرن و پارێزگاری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری بکەن . بۆئەوەی برینەکان قوڵترنەبیتەوە و چاوببڕینە ئاسۆیەکی گەشتر و ئایندەی کوردستانێکی سەربەخۆ و گەشەکردو و ئاوەدان پڕ لەئومێد بۆئێستا و نەوەکانی داهاتو .
هەر لەم پێناوەشدا بزاڤی ئاشتی ناوخۆ یادخەرەوە یاخود شێوە بەڵگەنامەیەکی شەرەفی بۆ لایەنە سیاسییەکان ئامادەکردوە ، کە چاوەڕوان دەکرێت واژۆی بکەن و ڕەچاوی خاڵەکانی بکەن .
با هەموشمان دڵنیا بین وڵاتەکەمان ، کە هێشتا بە دەست پاشماوەکانی کەرتبون و یەکترقوبوڵ نەکردنەوە دەناڵێنن و بەرگەی ئازاردانی تر ناگرێت ، هەمو ئەمەش واتای کەش و هەوایەکی سارد و سڕی هەڵبژاردن نییە ، بەڵکو داوایەکە بۆ ئەوەی بە گیانی مونافیس بانگێشە بکەن نەک بە گیانی دوژمن و ناحەز . وەبیری بەڕێزان دەخەینەوە ، کە پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکە و رێزگرتن لە سندوقی هەڵبژاردن و دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتی زەمانەتێکی گەورەی هەمو ئەوەیە باسمان کرد.
سەرکەوتو بێت هەڵمەتی هەڵبژاردن
خوای مەزن گەلەکەمان سەرکەوتو بکات لە پێناو بیناکردنی دوارۆژی خۆی و وڵاتێکی پڕ لە ئارامی و ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری
بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی ( بان) ١١\٩\٢٠١٨
