هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکووک کشانەوە
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەستکەوتووە، کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 12\9\2018، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە ناوشار و سنووری پارێزگای کەرکووک کشاونەتەوە.
لەوبارەیەوە عەقید ئیدریس ڕەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕايگەیاند: ”ئەو هێزانە بەتایبەت لە ناوچەی شوان کشاونەتەوە، جگە لە هەندێ شوێنی دیاریکراو نەبێت، هەروەها لە ناوشاریش دا لە هەندێک شوێن هێزیان کشاندووەتەوە“.
بەرپرسەکەی ئاسایشی کەرکووک، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو هێزانەی تانکەکانیان دەگەڕێننەوە و دەزانین بەرەو بەغدا دەڕۆن، بەڵام ئەوە نازانن کە ئاخۆ ئەو هێزە بۆ ناوەڕاست یان باشوور دەبردرێت.
ئاشکراشی کرد، کە هەرچەندە پێشتر ئەو هێزانەش لەوێ بوون، هەر بۆشای ئەمنی هەبوو، بەڵان ئێستا بۆشایە ئەمنییەکە گەورەتر دەبێت، گوتیشی: ”پۆلیسی فیدراڵی لە شوێنی ئەو هێزانە دادەنرێت و زۆر جاریش گۆڕانکاری هێز لە ناوچەکاندا دەکرێت“.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی ئەمنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خراپ بووە، هەروەها ڕووداوەکانی کوشتن، ڕفاندن، دزیکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان زیادی کردووە.
باسنيوز
