سعوودیە لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان لە پرۆژەی ستراتیژیدا دەکات
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمەریکی، وەبەرھێنەرانی سعوودی روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و سعوودیە پلان بۆ ئەوە دادەنێت ھێڵێکی بازرگانی لە عەرعەرەوە لەسەر سنووری سعوودیە بۆ ئەنبار و لەوێشەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکات.
بەپێی ئەو راپۆرتە، ھەموو وەبەرھێنەرانی سعوودی ئارەزووی ئەوە دەکەن شارێکی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن و کارگەیان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت، لە چەند مانگی داھاتووشدا لقی بانکەکانی سعوودیەش لە ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
نووری عوسمان، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە (باس)ی راگەیاند، کارئاسانی بۆ بارگانان و وەبەرھێنەرانی سعوودی دەکەین، گوتی: "وا بڕیارە حکوومەتی عێراقیش ھیچ ئاستەنگێک دروست نەکات، چونکە ئەنجومەنێکی ھاوئاھەنگی لەنێوان عێراق و سعوودیەدا ھەیە و ئەوەش بۆ ھەرێمی کوردستان باشە".
بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەردوو لا، بڕیار دراوە کە ئەنجومەنی بازرگانیی سعوودیە و ھەرێمی کوردستان دابمەزرێندرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان روونیشی کردەوە، بڕیارە بانکی سعودیە لە کوردستان بکرێتەوە، کردنەوەی ئەو بانکانە ئاسانکاری دەبێت بۆ بازرگانان و وەبەرھێنەران.
٤٠٠ ھەلی وەبەرھێنان لە کوردستان خراوەتە بەردەم وەبەرھێنەرانی سعوودیە.
ئەو بەرپرسە دووپاتی کردەوە داواکاریی ئەوان ئەوەیە رێککەوتن و لێکگەیشتن لە بوارەکانی وەبەرھێناندا بکرێت، گوتی: "پێشینەی کارەکانمان پڕۆژەی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و تەندروستییە، ئێمە ئامادەکاریی زۆرمان بۆ سعوودیەکان دەربڕی بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان و بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا زۆر شت روون بێتەوە".
لە ٢٤ی ٧ی ٢٠١٨ لە شاری ھەولێر، کۆنفرانسی ئابووریی نێوان بازرگانانی سعوودیە و بازرگانیی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و چەندین دیدار و کۆبوونەوەش لەنێوان ھەردوو لادا بەڕێوە چوون.
سامی بن عەبدوڵا، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی سعوودیە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند: ”دوای تەواوبوونی کۆڕبەندی وەبەرھێنانی سعوودی و ھەرێمی کوردستان و پیاوانی کار لە ھەرێم، بۆمان دەرکەوت کە دەرفەتی زۆر گرنگی وەبەرھێنان لە ھەرێم ھەیە“.
گوتیشی: "ئێمە زۆر جدیین لەسەر کارکردن لە ھەرێمی کوردستان، ئێمە راستییەکانمان بۆ بازرگانانی سعوودیە گواستووەتەوە و بەم نزیکانە زۆر شت ئەنجام دەدرێت".
روونیشی کردەوە، بڕیارە بانکێکی سعوودیە لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، ئەوەش دەرگایەکی باشی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ھەردوو لا دەبێت.
لە ساڵی ٢٠١٦، کونسوڵخانەی گشتیی سعوودیە لە ھەولێر کرایەوە و پەیوەندییەکی باشی سیاسی لەنێوان ھەولێر و ریازدا ھەیە.
سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی سعوودیە دەڵێت: "لە سۆنگەی ئەو پەیوەندییە سیاسییە تۆکمەیەی لەنێوان ھەردوو لادا ھەیە و لەسایەی رێنماییەکانی شا و جێنشینی سعوودیە، دەمانەوێت لە سێکتەری تایبەتدا وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا بکەین".
بازرگانانی سعوودیە پێیان وایە ھەرێمی کوردستان گەلێک ئامادەیی بۆ وەبەرھێنان و کاری ھاوبەش تێدایە، ئەو یاسایەی کە بۆ وەبەرھێنان ھەیە نموونەیەکی زۆر باشە بۆ کارکردن و وەبەرھێنان، بۆیە ئێستا ئەوان لێکۆڵینەوە دەکەن کە چەند پڕۆژەیەک لە کوردستان ئەنجام بدەن.
عەبدولعەزیز شەممەری، باڵوێزی سعوودیە لە عێراق ئاشکرای کردووە: "گرووپێک لە سەرمایەدارانی سعوودی، کە لە کوردستان بوون، خواستی خۆیان نیشان داوە بۆ دامەزراندنی شارێکی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دامەزراندنی چەند کارگەیەک لە شاری ھەولێر".
عەبدوڵای حاجی سەعید، بازرگان و یاریدەدەری سکرتێری گشتیی یەکێتی بۆ کاروباری بازرگانی، پێی وایە: "دوای شەڕی داعش و رووداوەکانی دوای ریفراندۆم ئێستا ھەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و دەرفەتی کار و چالاکی بۆ کۆمپانیا وەبەرھێنەرەکانی بیانی رەخساوە، دەتوانن بێن کار و چالاکییەکانی خۆیان بخەنە گەڕ و ھیچ مەترسییەک لەسەر سەرمایە و جموجۆڵە ئابوورییەکانیان نییە“.
روونیشی کردەوە، وڵاتێکی وەکوو سعوودیە لە ناوچەی کەنداو و وڵاتانی عەرەبیدا بایەخ و سەنگێکی گرنگی ھەیە، ھاتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان بە سەرمایە و شارەزایی و لێزانین و تەکنەلۆجیای نوێوە سوودێکی باشی دەبێ، گوتیشی: "کەرتی تایبەتی سعوودیە لەداھاتوودا پڕۆژە لە بوارەکانی وزە و بازرگانیی گشتی و وەبەرھێنان لەسەرجەم سێکتەرەکانی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن".
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند: "لەگەڵ وەبەرھێنەرانی سعوودی چەند یاداشتێکمان ئیمزا کردووە و بڕیارە ئەوان لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەولێر ئەنجام بدەن و چاوەڕوانی دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی ئەوانین".
باسنیوز
