بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی مەراسیمی دەرچوونی پۆلێک زێرەڤانی بەڕێوە دەچێت

 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی مەراسیمی دەرچوونی پۆلێک زێرەڤانی بەڕێوە دەچێت
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، مەراسیمی دەرچوونی پۆلێک پێشمەرگەی زێرەڤانی لە خولێکی مەشق و ڕاهێنان بەڕێوە دەچێت کە تێیدا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بن. جەختیشی لە زەروورەتی بەردەوامیی پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کردەوە.



کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ کە هاوکات وەزیری پێشمەرگەیە بە وەکالەت، لە میانی مەراسیمی دەرچوونی خولێکی مەشق و راهێنانی پۆلێک پێشمەرگەی زێرەڤانی کە تێیدا سەرۆک بارزانیش ئامادە بوو، ڕای گەیاند: ”لەژێر فەرمانی جەنابی سەرۆک، بەرنامەیەکی پتەومان داناوە و بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەش، هاوکاریی هەموو لایەکان پێویستە“.



ڕوونیشی کردەوە: ”دەرکردنی داعش مانای کۆتاییهاتنی بیری توندڕەوی نییە، بەڵکوو ئێستا داعش بە شیوەیەکی نوێ خۆی ڕێک دەخات و دووبارە بووەتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی هاووڵاتییانی ناوچە ڕزگارکراوەکان، بۆیە پێویستە بۆ هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە بین“.



شنگالی نەیشاردەوە کە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بۆ هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەک ئامادە بێت، پێویستی بە پاڵپشتیی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە لە مەشق و پێدانی چەک و ڕاوێژ بە پێشمەرگە.



باسنیوز
Top