سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی لوبنانی لە هەرێم: کار بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی لوبنانی دەکەین

سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی لوبنانی لە هەرێم: کار بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی لوبنانی دەکەین
سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی لوبنانی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە تاوەکوو کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە و ئاشکرای کرد کە ملیارەها دۆلاری لوبنانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەن.


ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ٨ی ٢٠١٨، مستەفا حەریری، سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی لوبنانی لە هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا یش تێیدا ئامادە بوو، باسی لە کارەکانی کۆمەڵەکەیان کرد کە لە کۆتاییەکانی ٢٠١٧ مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر وەرگرتووە و یەکەمین هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨ ئەنجام داوە کە ئامانجەکەی بەهێزکردنی وابەستەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و پەروەردەیی و هونەریی نێوان لوبنان و هەرێمی کوردستانە.


ڕوونیشی کردەوە کە لوبنانییەکان لە بوارەکانی (وەبەرهێنەران، بانک، هۆتێل، پەروەردە، پیشەسازی، تەئمینکردن، گواستنەوەی ئاسمانی، بازرگانی، گەیاندن، تەندرووستی، چێشتخانە و کافێیەکان و چەندان بواری دیکە) لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.


مستەفا حەریری ئاشکرای کرد کە ژمارەی لوبنانییەکان پێشتر لە کوردستان نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ دەوروبەری ٤ هەزار کەس دابەزیوە. هەروەها پێشتر دەوروبەری هەزار کۆمپانیای لوبنانی لە هەرێمی کوردستان هەبوون کە ئێستا دەوروبەری ٥٠٠ کۆمپانیا هەن کە نوێنەرایەتیی هەموو سێکتەرەکان دەکەن.


لەبارەی سەرمایەی کۆمپانیا لوبنانییەکانیش لە هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”سەرمایەکە دەگاتە چەند ملیار دۆلارێک، بۆ نموونە یەکێک لە بانکە لوبنانییەکان لە هەرێمی کوردستان کە سەرمایەکەی یەک ملیار دۆلارە بە تەنیا. لە کەرتی هۆتێلەکاندا، کردنەوەی هەر هۆتێلێک چەند ملیۆن دۆلارێکی تێدەچێت کە کۆی سەرمایەی هۆتێلە لوبنانییەکان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار. لە بواری وەبەرهێنانی زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون، سەرمایەی گوندی لوبنانی نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە. لە بواری پەروەردە و پیشەسازیش و بوارەکانی دیکەش چەندان ملیۆن دۆلاری لوبنانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەن“.


لە وەڵامی پرسیارێک کە ئاخۆ هۆکاری دواکەوتنی کردنەوەی کونسوڵخانەی لوبنان لە هەرێمی کوردستان چییە؟ مستەفا حەریری ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە وەکوو لوبنانییەکان لە سەرەتادا ویستمان کونسوڵخانەی لوبنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. بەڵام دواکەوتنەکە بەهۆی هەندێک ئاستەنگی پەیوەندیدار بە حکوومەتی لوبنانی بوو. لەنێویاندا ئامادەنەبوونی سەرۆک کۆمار بوو بۆ ماوەی دوو ساڵ. دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی ئێستا. هەندێک ئاستەنگی ماددی دیکە هەروەک نەبوونی تەرخانکراوی دارایی بۆ ئەم بابەتە. بەردەوام هەوڵدەدەین بەم نزیکانە کونسوڵخانە بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان. ئەمە وایکرد من و هاوڕێکانم کۆمەڵەکەمان درووست بکەین و تێچوونەکەشی لە ئەستۆ بگرین“.
bas news-
Top