چاودێران: "حەشدی شەعبی بەرەو ھەڵوەشاندنەوە دەچێت"

چاودێران:
ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ھەندێ ناوچەی پارێزگای نەینەوا خەریکی خۆکۆکردنەوە و کشانەوەن، چاودێرانیش پێیان وایە کشانەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی پەیوەندی بەو فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە ھەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و چۆڵکردنی ناوچەی کوردنیشن و سوننەنشین.

گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە فتوایەکی گەورەمەرجەعی شیعە، عەلی سیستانی، بۆ پاراستنی ناوچەی شیعەمەزھەب لە ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش پێک هاتن، بەڵام دوای ئەوەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچە سوننەمەزھەب و کوردنشینەکاندا گرت، چەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگیان ئەنجام دا و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا.

دەنگی ناڕازی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی زۆرن، بەڵام تاکە ڕێگر ئەو یاسایەیە کە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە. دکتۆر عەرەفات کەرەم، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق نایشارێتەوە، کە یەکێک لەو خاڵە ڕەشانەی خراوتە نێو مێژووی پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بووە و دەشڵێ: "تا گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەڵنەوەشێنەوە عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ، ئەوە باوەڕی ئەمەریکا و زۆربەی شیعە و کورد و سوننە و وڵاتانی ناوچەکەیە، چونکە حەشدی شەعبی پێچەوانەی دەستووری عێراق پێک ھێنراوە و ناکرێت لە وڵاتێکدا ئەو ھەموو سوپایە ھەبێت و چەندین گرووپی میلیشیاییش ھەبن."

بە بڕوای ئازاد سرێشەیی، شارەزای ئەمنی، کشانەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا زیاتر لە ھۆکارێکی ھەیە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەھانەیان ئەوەیە شەڕ کۆتایی ھاتووە و دەکشێنەوە، بەڵام پێم وایە ئەمە داواکارییەکی ھەمەلایەنەیە. کورد و سوننەی مووسڵ و کوردانی ئێزدی و کریستیان داوایان کردووە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەو سنوورانە پاشەکشە بکەن، چونکە ھەموو پێکھاتەکان دەڵێن تا ھێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لەو سنوورانە بن، ناتوانن و ئامادەش نین بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەش، عێراق دەیەوێ بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نەرمییەک بنوێنێت و لایەنی کورد لە خۆی ڕازی بکات، ئەمە بە پلەی یەکەم دێت."

ئەمەریکا و ئەورووپا و بەشێکی زۆری عێراقییەکان حەشدی شەعبی بە مەترسی بۆ سەر پاشەڕۆژی عێراق و پێکھاتەکانی دەزانن. دکتۆر عەرەفات کەرەم ڕوونی کردەوە: "تەنانەت پێشنیاری موقتەدا سەدرە کە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێتەوە و لە ئایندەدا ئەو یاسایەی شەرعیەتی بە حەشدی شەعبی داوە دەبێ ھەڵبوەشێتەوە، پێشتر یەکێک لە مەرجەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ بۆ حەیدەر عەبادی ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بووە، بەڵام عەبادی کەسێکی لاواز بوو نەیتوانی مەرجەکەی ئەمەریکا جێبەجێ بکات، لەبەر ئەوەی پێم وایە بڕیارەکەی پێشووی پەرلەمانی ئەورووپا وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، جێگەی داخە تەنیا لە بەغدا سەد گرووپی حەشدی شەعبی ھەن و دەتوانن بە چەند دەقیقەیەک بەغدا کۆنتڕۆڵ بکەن و شتێک نییە بە ناوی حکوومەت."

ئازاد سرێشمەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەڵوەشاندنەوەی فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی نەینەواش مانایەکی دیکە دەبەخشێت، جگە لە کورد فشاری زۆر ھەیە لەسەر حکوومەتی عێراق حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێتەوە و کۆتایی بەو ھەموو میلیشایەی عێراق بھێنن، ئەمڕۆ لە عێراق سوپا ھەیە، دەزگای ئەمنیی دیکە ھەن، ھەبوونی ئەو ھەموو گرووپەی حەشد ھیچ مانایەکی نییە، چونکە ھێزی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق ھەن و حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ئاستێکی وەھا مەترسیدار ھەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات، داوای ئەوانیشە حەشد لە ھەندێ ناوچەی عێراق بکشێتەوە تا ئاستی تاوانەکانیان کەمتر بێتەوە و خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە سەر شوێنی خۆی."
kdp-
Top