فەرماندەیەکی دیکە بۆ میحوەری رۆژئاوای کەرکووک دیاری کرا

فەرماندەیەکی دیکە بۆ میحوەری رۆژئاوای کەرکووک دیاری کرا
فەرماندەیەکی دیکە بۆ میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کرا.

دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، بە فەرمانی سەرکردایەتیی سیاسیی و پێشمەرگەی کوردستان، کەمال کەرکووکی، ئەندامی مکەتبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، دیاری کرا.

رۆژی دووشەممە 13/8/2018، لە رێوڕەسمێکدا، نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی وەک فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک لە شوێنی کەمال کەرکووکی دیاری کرا.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو عێراق و لەماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای پڕچەکی عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد و دواتر چەکدارەکانیان هێرشیان کردە سەر کوردستان.

دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هاوکاریی گرووپێکی خیانەتکاری ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی کەمال کەرکووکی، لە شارۆچکەی پردێ سنوورێکیان بۆ لەشکرکێشیی و داگیرکاریی ئەو میلیشیایانە دانا.

رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شارۆچکەی پردێ رێگرییان لە هێرشی میلیشیا و هیزە عێراقییەکان کرد و لە شەڕێکدا، شکستیان بە هێرشکاران هێنا و داستانی بەرگرتنیان بە هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سڕینەوەی کوردستان، تۆمار کرد، کە دواتر بە داستانی پردێ ناسرا.

لەو داستانەدا، تانکێکی ئەبرامزی ئەمریکی، کە یەکێکە لە بەهێزترین تانکەکانی جیهان و حەشدی شەعبی دەیویست پێیەوە هێرش بکاتە سەر کوردستان، لەلایەن پێشمەرگەەوە تەقێندریەوە و داستانەکەش بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگە تۆمار کرا.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.









باسنيوز
Top