پێشنیاز كراوە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ١٥یاخود٢٠ ڕۆژ كەم بكرێتەوە

 	 پێشنیاز كراوە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ١٥یاخود٢٠ ڕۆژ كەم بكرێتەوە
بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان گوتی، پێشنیاز كراوە كە ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگێكەوە بۆ ١٥یاخود ٢٠رۆژ كەم بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە.

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ـی مانگی دابێ بەڕێوە بچێت و كۆمسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە و زۆرینەی ئامادەكارییەكانیش تەواو بوون، ئێستایش ناوی پاڵێوراوان لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە و ھەر كاتێك پەسەند بكرێت، بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەكات.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ناوی پاڵێوراوان لە دەستەی نەزاھە و وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێنەوە و پەسەند دەكرێن، بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن لیست و قەوارەكانەوە دەست پێدەكات و بەپێی یاساش ماوەی بانگەشە دیاری نەكراوە كە چەند بێت".

بە گوتەی حەسەن، پێشنیازێك كراوە كە ماوەی بانگەشە كەم بكرێتەوە لە مانگێكەوە بۆ ١٥یاخود٢٠ ڕۆژ و ئەنجوومەنی كۆمسیارانیش دەتوانێ لەو بارەیەوە بڕیار بدات، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیاری خۆی نەداوە".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، باسی لەوەش كرد، ھێشتا وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكان دیاری نەكراوە، بەڵام دەكەوێتە مانگی داھاتووەوە.
kdp-
Top