لە خانەقین بەڕێوەبەرایەتییەک لەلایەن پارێزگای دیالەوە پەکدەخرێت
بەرپرسێکی پارتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە دادگەی کوردستان کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی لە خانەقین دانرابوو، ئێستا پەکخراوە.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی 15ی پارتی لە خانەقین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئامر لیوای 74ی حەشدی وەتەنی، دەستی بە کۆکردنەوە فایلی ئەو عەرەبانە کردووە، کە پێشتر هێنراونەتە شوێنی ئەو کوردانەی لە خانەقین تەعریب کرابوون، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیان گەڕێننەوە بۆ سەر ئەو زەوی و زارانەی کە موڵکی جووتیارە کوردەکانن لە ناوچەی شێخ باوە“.
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە کێشەی گەورە ئەوەیە کە کاتی خۆی ئەو عەرەبانەی هاوردەی ئەو شوێنانە کراون، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە سەنەدێکیان بۆ دروست کراوە ئێستاش بە هەمان سەنەدەوە دەهێنرێنەوە لەسەر موڵکی جووتیارە کوردەکان، لەکاتێکدا ئەو جووتیارانە تاپۆی 100 ساڵ پێش ئێستایان هەیە.
ئاشکراشی کرد، کە بە بەرنامەیەکی چڕ کار لەسەر گوندەکانی سنووری خانەقین دەکرێت، بۆ ئەوەی کوردەکان چۆڵی بکەن.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی 15ی پارتی لە خانەقین، ، ئاماژەی بەوەش دا، کە دادگەی کوردستان کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە لە خانەقین دانرا، ئێستا لەلایەن پارێزگای دیالەوە پەکخراوە، هەروەها دادوەر لە ناوەندی شارۆچکەی بەعقوبەوە بۆ خانەقین دەنێردرێت و پارێزگای دیالەش بەرنامەیان بۆ گۆڕینی هەموو دامودەزگا حزبی و حکوومیەکان هەیە، چونکە پێیان وایە بە نەمانی عەرەبی سوونە لە دیالە دا شارەکە بەتەواوی شیعە تێیدا باڵا دەست دەبێت.
bas news-
