وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان حەوت کارمەندی سزا دا
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕايگەیاند: "لەسەر داوای وەزیری تەندروستی لێژنەیەکی بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر پێکهێنرا، بۆ لێکۆڵینەوە لە بڵاو بوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵات لەکاتی نەشتەرگەریەک گیرابوو".
ڕوونیشی کردەوە، هیچ گرفتێک لە شێوازی چارەسەرکردن و نەشتەرگەری نەبووە و شتێکی ئاسایی بووە، چونکە ناچار بوون بەو شێوازە چارەسەری نەخۆشەکە بکەن، بەڵام ئەوەی گرفتە ئەوەیە کە نەدەبوو کارمەندەکان مۆبایل ببەنە ژوورەوە و لەوێ ڤیدیۆ بگرن و بڵاوی بکەنەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو: "هەر یەکێک لەوانەی سزا دراون بە گوێرەی کەمتەرخەمییان سزا دراون و سزاکانیش جۆراو جۆرن و دەرکردنیشیان تێدایە، ئەو سزایانەش لەسەر ڕەزامەندیی وەزیر و وەزارەت دراون و بەپێی یاساش بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر ئەو دەسەڵاتەی بۆ سزادان پێ دراوە".
لەبارەی سزادانی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتەوە د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر ڕايگەیاند: "حەوت پزیشک، کارمەند و خزمەتگوزار سزا دراون، سزاکانیش بریتین لە دوورخستنەوە، گواستنەوە، هەژمارکردنی پیشە و ئاگادار کردنەوە".
ڕوونیشی کردەوە: "ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، نەدەبوو بێدەنگ ببێت لەوەی کە ئەوانی کە ڤیدیۆی نەشتەرگەرییەکەیان کردووە، بۆیە سزادانەکەش ئەوی گرتووەتەوە بە ڕاگرتنی شەش مانگ لە هەژمارکردنی خزمەت لە پیشەکەی و دەشڵێت: ”لەبەر سێ هۆکار ئەو سزایانەمان دەرکردووە، یەکەم گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بۆ دامودەزگا تەندروستییەکان، دووەم، ترس و تۆقاندنی هاووڵاتییان کاتێک ئەو ڤیدۆیە دەبینن، سێیەم، تایبەتمەندی نەخۆشەکە".
هەفتەی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر، لە کاتی نەشتەرگەرییەکدا بۆ هاووڵاتییەک چەند گرتە ڤیدیۆ بڵاو کرایەوە کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
باسنيوز
