گوتەبێژی یەکێتی بۆ لایەنە ناڕازییەکان: بەرۆکی یەکێتی بەردەن
رۆژی شەممە 11/8/2018، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رەشنووسی پرۆژەیەکیان بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، ئامادە کردووە.
سەعدی پیرە هەڵوێستی بەرپرسانی حزبەکەی دووپات کردووەتەوە و باسی لە ”ئەگەر“ی هەڵبژاردن کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێ و دوانەخرێ، ئەوا یەکێتیی بەشداریی دەکات.
لەبارەی ناڕەزایی چەند لایەنێکی ناڕازیی کوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە یەکێتییان بە ساختەکاری تۆمەتبار کردبوو، گوتەبیژی فەرمیی یەکێتی رایگەیاند، دادگای فیدڕالی کارەکانی خۆی کردووە و لایەنە ناڕازییەکان ”پێویستە بەرۆکی یەکێتی نەگرن و لە دادگای فیدڕالی سکاڵا تۆمار بکەن“.
بڕیارە رۆژی 30/8/2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و تا ئێستا تەنیا بەرپرسانی یەکێتی ئاماژە بە دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن.
پێشتر خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاندبوو، یەکێتی بەھۆی کێشە ناوخۆیەکانیەوە نایەوێ ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێ.
پێشتریش نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان رايگەیاندبوو، کە ”یەکێتیی ناتوانێ ساختەکاری بکات، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات“.
باسنيوز
