پۆلیسی هەولێر: یاسا سەروەرە.. ئەوەی هەندێك مێدیا بڵاویان كردووەتەوە راست نییە

پۆلیسی هەولێر: یاسا سەروەرە.. ئەوەی هەندێك مێدیا بڵاویان كردووەتەوە راست نییە
پۆلیسی هەولێر جەخت دەكاتەوە، هیچ كەسێك لە سنووری پارێزگای هەولێر لە دەرەوەی یاسا و بە بێ فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە دەستگیر ناكرێت، ئەوەی هەندێك مێدیاش بڵاویان كردووەتەوە، بۆ چەواشەكاریی خەڵكە و هیچ بنەمایەكی نییە.

لە هندێك مێدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە، كە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی خەڵك دەستی پێكراوە و بە بێ فەرمانی دادگا خەڵك قۆڵبەست دەكرێت.

لەو بارەیەوە، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، ڕائید هۆگر عەزیز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هیچ كەسێك لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستگیر ناكەین بێ فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر و، هیچ كەسێكیش دەستەڵاتی نییە بەبێ بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە كەسێك دەستگیر بكات، تەنیا لە چەند حاڵەتێكدا نەبێت وەكو ئەوەی یەكێك تاوانێك ئەنجام بدات و پۆلیس دەتوانێ لەوكاتەدا دەستگیری بكات و رەوانەی دادگای بكات، یاخود كەسێك خۆی رادەستی پۆلیس بكات، دەستگیر دەكرێت، یان كەسێك لە دابونەریتی گشتی لابدات و پۆلیس بیبینێت، دەتوانێت دەستگیری بكات".

هۆگر عەزیز گوتیشی: "ئەوەی هەندێك مێدیا بڵاویان كردووەتەوە، راست نییە و هیچ كەسێك دەستگیر ناكەین ماددەی یاسایی نەبێت و لە سنووری هەولێریش یاسا سەروەرە و هەر كەسێكیش بەپێی یاسا و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی هەولێر دەستگیر كرا، ئێمەش بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین".

گوتەبێژەكەی پۆلیس باسی لەوەش كرد، ئەوانەی ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن و بڵاو دەكەنەوە، مەبەستیان چەواشەكردنی خەڵكە و هیچ بنەمایەكی نییە.


kdp-
Top