ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دوای رێککەوتننامەی جەزائیر و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، لە رۆژی 8ـی ئابی 1976 دامەزراوە.
رۆژی 6ـی ئاداری 1975، رژێمی عێراق و ئێران، بە نێوەندگیریی جەزائیر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە دواتر بە رێککەوتنی جەزائیر ناسرا. تێیدا عێراق ئامادەیی خۆی نیشان دا بە دەستبەرداربوون لە بەشێکی دەریاچەی شەتولعەرەب بۆ ئێران، لە بەرامبەردا ئێران پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان راگرت و گەمارۆیەکی توندیان خستە سەر شۆڕش.
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان حزبێکی کوردستانییە و مەیدانی خەباتی باشووری کوردستانە. حزبێکی کوردستانیی سۆسیال دیموکراتە.
محەمەدی حاجی مەحمود، کە بە کاکە حەمەش دەناسرێ و لە ساڵی 1953 لە گوندی قەدەفەریی شارەدێی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە دایک بووە، لە ساڵی 1994ـەوە سکرتێری گشتیی ئەو حزبەیە.
کاکە حەمە و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەشداریی شۆڕش و خەباتی شاخیان دژی رژێمی بەعسی عێراق کردووە. یەکێکە لە فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، کاکە حەمە هێزێکی لە ئەندامانی حزبەکەی دروست کرد و بەشداریی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی کرد و لە شەڕێکیشدا، کوڕێکی بەناوی عەتا، شەهید بوو.
داعش لە مانگی 8ـی 2014 هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە ئازایانە رووبەڕوویان بوونەوە و لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا، هەموو ئەو ناوچە کوردستانییانەیان رزگار کردەوە، کە پێشتر پاراستنیان لە ئەستۆی سوپای عێراق بوو و ناوچەکانیان رادەستی داعش کرد.
بەهۆی کاریگەریی کاکە حەمە لەو شەڕانەدا، بە فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کرایە فەرماندەی گشتیی میحوەری کەرکووکی پێشمەرگە و رۆڵێکی کاریگەری لە سەرکەوتنی پێشمەرگە بەسەر داعشدا و پاراستنی کەرکووک، هەبوو.
محەمەدی حاجی مەحموود و حزبەکەی، لەسەرەتای هەنگاوەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، بەشدارییەکی کاریگەریان هەبوو و تا ئێستاش سەربەخۆیی بە ئامانج و هیوای سەرەکیی گەلی کوردستان دادەنێن.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، بە هەوڵ و خەباتی بێ وچانی سەرۆک مەسعود بارزانی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو ناوچەکانی باشووری کوردستان ئەنجام درا.
لەو ریفراندۆمەدا، %92ـی دەنگدەرانی کوردستان، دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق، دا.
باسنيوز
