پێنج پارتی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستێکی پەکەکە رەت دەکەنەوە
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە رۆژی سێشەممە 7/8/2018 لە بارەگای ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ئەنجام درا، ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران تاوتوێی رەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەنجامەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی کرد.
بەپێی میدیاکانی سەر بە حزبەکانی ناوەندی هاوکاری، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی ئابووریی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و کاریگەرییەکانی سەپاندنی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێران، کراوە.
نزیکەی 10 مانگە بەشێک لە هاووڵاتییانی ئێران دژی خراپیی باری ئابووری و سیاسەتەکانی حکوومەتی وڵاتەکەیان، بەردەوام خۆپیشاندان دەکەن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران هەڵویستی کۆداریان سەبارەت بە شەڕی چەکداریی دژی ئێران و دژایەتیی رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رەت کردەوە.
پێشتر کۆدار دژایەتیی خۆی بۆ خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر هەوڵێک بۆ رووخاندنی ئەو کۆمارە ئیسلامییە، راگەیاندبوو.
ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە پێنج حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان پێک دێت، کە بریتین لە؛
- حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)
- حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا چەند سزایەکی ئابووری بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندووە و هەڕەشەی لە هەر لایەن و کەسێکیش کردووە، کە هەوڵ بدات ئەو سزایانە بشکێنێ، ئەوا رووبەڕووی سزای ئەمریکا دەبێتەوە.
باسنيوز
