پیرانشار.. هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێکی گەنجیان کوشت

پیرانشار.. هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێکی گەنجیان کوشت


هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پیرانشار کۆڵبەرێکی لاویان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوشتیان.



بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی قەندیل هەڵکەوتوو لە سنووری پیرانشار، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2018/8/7 پۆلێک لە کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەئاکامدا کۆڵبەرێکی لاو گیانی لەدەست داوە.



هەنگاو ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٩ ساڵەی "حاسڵ بادبەرین" کوڕی خدر و دانیشتووی گوندی "ترکەش" سەر بە شاری پیرانشار ڕاگەیاندووە.



بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەبێ هیچ وریاکردنەوەیەک ئەو کۆڵبەرەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا بەهۆی بەرکەوتنی چەندین گوللە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.



بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری "هەنگاو"، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ١٦ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنورەکانی ڕۆژهەڵات کوژراون، یان بریندار بوون.

bas news-
Top