"پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ئەستەم دەبێت"

ئەندامێكی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، باوەڕی وایە پێكهێنانی كابینەی نوێی ئەمجارەی حكوومەتی عێراق بە هۆی ململانێ قوڵەكانی لایەنەكانەوە قورس دەبێت، ئاماژەیش بە سەفقەیەكی ئەمەریكی و ئێرانی بۆ پێكهێنانی دەكات.

دوای هەڵبژاردنی ١٢ی٥ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە سیاسییەكان بە كورد و عەرەبی شیعە و سوننەوە لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، ئەوەش لە كاتێكدایە، هەر لایەنەو داخوازیی خۆی هەیە، عەرەفات كەرەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "هەتا ئەنجامەكان بە یەكجاری راگەنەگەیەندرێن، كوتلەكان هەڵناستن بە دروستكردنی هاوپەیمانی، ئەوەی ئێستا هەیە، تەنیا گفتوگۆیە".

تا ئێستا چەند لایەنێك بە تایبەت شیعەكان هاوپەیمانێتییان راگەیاندووە، بەڵام كەرەم پێی وایە، لە دوای دەرچوونی كۆتایی ئەنجامی ئەهەڵبژاردن و پەسەندكردنی، ئەو هاوپەیمانێتییانە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەیان هەیە، نموونەیش بەوە دەهێنێتەوە، شیعە لە ناو خۆیاندا رێك نین لەسەر دانانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، سوننەیش رێك نین لەسەر دانانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، كوردیش تا ئێستا كەسیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دەسنیشان نەكردووە.

خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و دەستوەردانە دەرەكییەكان هاوشانی ناكۆكی لایەنە سیاسییە ناوخۆییەكانی عێراق، هۆكاری دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراقن، ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، تیشك دەخاتە سەر ململانێ لە ناو خودی حیزبی دەعوەدا، كە عەبادی و مالیكی بە جیا بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە، ئاماژەیش بە لیستی سائیروونی موقتەدا سەدر دەكات، كە قبوڵی كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران لە حیزبی دەعوە ناكات، داوایشی كردووە، گەر عەبادی بێت، دەبێ دەست لە حیزبی دەعوە بكێشێتەوە.

ناوبراو، ململانێكانی نێوماڵی شیعە روونتر دەكاتەوە، كەوا هادی عامرییش لە لایەكی دیكەوە، هاتووەتە پێشەوە و داوای سەرۆكوەزیرانی دەكات، ئەوەش لە لایەن باڵێكی شیعەوە قبوڵ ناكرێت، ئەو هۆكاری ئەو قبوڵنەكردنەی لایەنێكی شیعی، بۆ بوونی دوو بەرەی شیعەی سەر بە بەرەی ویلایەتی فەقییەی ئێران و بەرەی مەرجەعی سیستانی دەگێڕێتەوە، كە لەناو لایەنە شیعییەكاندا رەنگی داوەتەوە.

هۆكاری دەرەكی و دەستوەردانەكانیشیان فاكتەری دیكەی دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەبن، كەرەم باس لەوە دەكات، ئێران هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە عامری ببێتە سەرۆكوەزیران، ئەویش بەو پێیەی، كە تەنیا عێراقی لە دوای سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەری، وەك دەروازەیەك بۆ ماوەتەوە، پێشی وایە بوونی عەبادی بە سەرۆكوەزیران، لە زیانی خۆی دەبێت.

كوردیش لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەشێكی سەرەكیی ململانێكانە، عەرەفات ئاماژە بۆ داخوازییەكانی كورد دەكات، وەك ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، گەڕانەوەی پێشمەرگە، جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان، بۆیە پێشی وایە پێكهێنانی كابینەی ئەمجارەی نوێی حكوومەتی عێراق ئەستەم دەبێت، چونكە هەندێ لایەنی شیعی ئاماژەیان بەوە كردووە، داخوازییەكانی كورد بۆ جێبەجێكردن قورسن.

لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە پێی یاسا سەقفی زەمەنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دادەندرێت و لایەنەكان ناچار بە رێككەوتن دەكات، بەڵام ناوبراو پێی وایە، لە دوای سابتكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێ دانیشتن بكات، بەڵام قورس دەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە هۆی ئەو هۆكارانەی لە سەرەوە باس كران، مەگەر وەك سەفقەیەكی ساڵی ٢٠١٠، كە چۆن ئەمەریكا و ئێران پێكەوە هاتنە سەر خەت و لە نێوان مالیكی و عەللاوی، كە براوەش بوو، رێككەوتن لەسەر دانانی مالیكی، بەو جۆرە رێككەوتنێك لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بكرێت، "ئایا ئەو سەفقەی ئۆباما لەگەڵ ئێران كردی، ترەمپ لەگەڵ ئێران دەیكات؟ ئەوەش پرسیارێكی دیكەیە".
kdp-
Top