ئومێد خۆشناو دوایین هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن دەخاتەوە روو
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، پێویست ناکا کەس لە دەرەوەی حزبەکەی و بەناوی ئەوان باسی دواخستن یان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات.
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاندووە، پارتی بە روون و ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە، کە بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و هیچ قسەیەکی دیکەی لەو بارەوە نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ئەوانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن ”موزایەدە بە دیموکراسیەت و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەکەن“، لە کاتێکدا بەردەوام باسی جیهانی مۆدێرن دەکەن.
بڕیارە رۆژی 30/9/2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێ و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەسەر زاری چەندین بەرپرسییەوە، داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەکات.
باسنيوز
