بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکووک: ژیانی کوردانی کەرکووک لە مەترسی دایە

 بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکووک: ژیانی کوردانی کەرکووک لە مەترسی دایە
سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنێت، کە گرووپە چەکدارییەان بەردەوزم هەڵدەکوتنە سەر ماڵە کوردەکان و ژیانی کوردان لە مەترسی دایە.

رۆژی دووشەممە 6/8/2018، ئازاد جەباری، سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک خراپە و گرووپە چەکدارەکان بەردەوام ھەڵدەکوتنە سەر ماڵان و کوشتن و ڕفاندن لە شارەکە ھەیە.

ئازاد جەباری، کە لەسەر پشکی یەکێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو گرووپانەی بەردەوام هەڵدەکوتنە سەر ماڵە کوردەکان هیچ رێگرییەکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و حکوومەتی عێراقەوە لێ ناکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، راکان سەعیدی پارێزگاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، ڕێگە بە سەرۆکی لێژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نادات بەشداری لە کۆبوونەوەی ھەفتانەی لێژنەی ئەمنیی ئەنجومەن بکات، ئەوەش تەنیا بە ھۆی ئەوەی کوردە.

ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە یەکێتییە لە کاتێک دایە، کە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە داوایان لە خەڵکی هەڵاتووی کەرکووک دەکرد بگەڕێنەوە شارەکەیان، چونکە لەژێر سایەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، ئارامی و ژیانیان دەپارێزرێت.

ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد، کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.













باسنیوز
Top