شاندێکی کوردی سەردانی ئیمارات دەکات
شاندەکە لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) پێکهاتووە و بڕیارە رۆژی سێشەممە 7/8/2018 سەردانی ئیمارات بکات.
ئیبراهیم برۆ، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە رایگەیاند، شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات کۆ دەبێتەوە و تێیدا تاوتوێی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکات.
سعود مەلای سەرۆکی ئەنەکەسە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەکە لە ئیبراهیم برۆ، کامەران حاجۆ و حەواس عەگید ئەندامی شاندەکەن.
پێشتریش شاندی ئەنەکەسە سەردانیچەند وڵاتێکی ئەوروپی کردبوو و لە کۆبوونەوەکانیدا، تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، بابەتی دەستووری نوێی سووریا و چۆنێتیی چارەسەرکردنی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتەی، کرد.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
