تورکیا قەشە ئەمریکییەکە رادەست دەکاتەوە
ئەندرۆ برانسۆن، قەشەیەکی ئەمریکییە و ماوەی دوو ساڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیر کراوە و دواتریش لە خانووەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا، دەستبەسەر کراوە.
حکوومەتی تورکیا قەشە ئەندرۆ برانسۆن بە سیخوڕیکردن بەسەر سیاستمەدار و سەربازییەکانی تورکیا بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات، جگە لەوەی تۆمەتی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی فەتحوڵڵا گیولەنی سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەتی دراوەتە پاڵ.
رۆژنامەی (جومهورییەت)ی تورکی لە راپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە، کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا حکوومەتی تورکیا ئەو قەشەیە ئازاد دەکات و رادەستی وڵاتەکەی دەکاتەوە، چونکە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی باش.
هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، ئەو قەشە ئەمریکییە لەبەرامبەر ئازادکردنی محەمەد هاکان ئاتیلا، بەڕێوەبەری بانکی خەڵک (هەڵک بانک)ی تورکی ئازاد دەکرێت، کە لە ئەمریکا بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزا سەپێندراوەکان بەسەر ئێران و مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوەی دارایی ئێران، بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە.
جگە لەو مامەڵەیە، حکوومەتی تورکیا داوای لەحکوومەتی ئەمریکا کردووە سزاکانی سەر بانکی خەڵک سووک بکات، کە چاوەڕێ دەکرێ بەهۆی پێشێلکردنی سزا سەپێندراوەکان بەسەر ئێران، بە چەندین ملیار دۆلار سزا بدرێت، لەبەرامبەردا تورکیا 18 هاووڵاتی و کارمەندی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئیستەنبوڵ ئازاد دەکات، کە بە تۆمەتی پشتگیریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەستگیر کراون.
چاودێرانی ئابووری پێیان وایە بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بانکە تورکییە، کە بەهێزترین بانکی تورکیایە و هەموو پەیوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا بە جیهان لەڕێی ئەو بانکەوە ئەنجام دەدرێت، بەهای لیرەی تورکی بەتەواوی دادەبەزێت و تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری دەبێتەوە.
ئەمریکا بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ، بڕیاری داوە دەست بەسەر ماڵ و موڵکی هەردوو وەزیری داد و ناوخۆی تورکیا لە ئەمریکادا بگرێت و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش هەڕەشەی سزایەکی هاوشێوەی لە هەردوو وەزیری داد و ناوخۆی ئەمریکا کرد.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.
حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.
باسنیوز
