بۆچی ئاگرەکەی بازاڕی سێبیران لە هەولێر بە 16 کاژێر کۆنترۆڵکرا؟
ئاگرەکە درەنگانی شەو کەوتەوە، بەڵام کۆنترۆڵکردنەوەکەی کەوتە رۆژی دواتر. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەڵێن، لە بەرەبایەنەوە بەشی زۆری ئاگرەکە کوژاوەتەوە، بەڵام بەهۆی جۆری کەلوپەلەکان کە پلاستیک و جلوبەرگ بووە، ئەستەم بووە بەتەواوی و لە هەموو بەشەکانی بازاڕەکە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت. هەروەها رێگەکانی چوونەژوورەوەش بەرتەسک بوون و بەئاسانی تیمەکان نەیانتوانیوە بگەنە سەرچاوەی ئاگرەکە، ئەوەش کارەکەی سەختر کردووە، هەر بۆیە ماوەی کوژاندنەوەکەی زۆری خایاندووە.
ئەو کاسبکارانەی دووکانەکانیان سووتاون، دەڵێن هیچ کەلوپەلێکیان بۆ دەرنەچووە و هەموو شتومەکانیان سووتاون.
لە ماوەی کووژاندنەوەی ئاگرەکە لە نهۆمەکانی 2 و 3ی باڵەخانەکە چەندینجار ئاگر هەڵگیرسایەوە و تەشەنەیکردووەتە نهۆمەکانی دیکە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە سەرەتای ئاگرکەوتنەوەکە رێگەیان لەوە گرت بەشەکانی دیکەی بازاڕی قەیسەری کە نزیک بوون لە بازاڕی سێبیران ئاگرەکە بیانگرێتەوە، هەر بۆیە لەگەڵ کوژاندنەوەی، رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکەش بەشێک بوو لە پرۆسەکە.
RUDAW -
