بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیی ئێران لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە

بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیی ئێران لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە
بەهۆی بەردەوامیی دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەرپرسێکی باڵای بانکی ناوەندیی ئێران لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە.



بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، رۆژی یەکشەممە 5/8/2018، ئەحمەد عێراقچی، بەرپرسی بەشی دراوە بیانییەکان لە بانکی ناوەندیی ئێران لەکارەکەی دوور خراوەتەوە.



ئەحمەد عێراقچی کەسێکی نزیکی عەباس عێراقچیی ئەندامی دەستەی دانوستاندنکارانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، کە بە شکستخواردوو لە ئەرکەکەی، باس دەکرێ.



دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسە، کە بەشێک لە میدیا ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن، عێراقچی خۆی دەستی لەکار کێشاوەتەوە، دوای داوای ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێرانە، کە داوایان کردبوو بەرپرسانی سیاسەتی ئابووریی وڵاتەکەیان دەست لەکار بکێشنەوە، چونکە نەیانتوانیوە بەر بە دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی بگرن.



نزیکەی 10 رۆژ پێش ئێستا، بە فەرمانی حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران، وەلیوڵڵا سەیف لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران دوور خرایەوە و عەبدولناسر هیممەتی لە شوێنەکەی دانرا.



دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1 و سەپاندنی چەندین سزای ئابووری، سیاسی و سەربازی بەسەر ئەو وڵاتە، بەهای تومەن لە نزیکەی 500 هەزر تومەن بەرامبەر 100 دۆلارەوە گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار تومەن.



شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.



رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.



وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
BAS NEWS -
Top