هێرشێکی تیرۆریستی کارەبای شارێکی کوردستان دەبڕێت
رۆژی یەکشەممە 5/8/2018، وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، چەکدارانی تیرۆریست سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە تەقاندنەوەی بۆمبێک هێڵی گواستنەوەی کارەبای نێوان هەردوو شاری کەرکووک و دیالەیان پچڕاندووە.
هەروەک وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو پچڕاندنە، کارەبای کەرکووک و نەینەوا بە تەواوی و کارەبای چەند ناوچەیەکی پارێزگای سەڵاحەدین بە تەواوی پچڕاوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە کارمەندانی چاککردنەوەی کارەبا، هێڵەکەیان چاک کردووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوە هەشتەمین جارە ئەو هێڵەی گواستنەوەی کارەبا لەماوەی دوو مانگی رابردوودا کراوەتە ئامانج.
BAS NEWS -
