"تۆمارکردنی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لە ھەڵکشاندایە"
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی تۆمار کراون گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٨ ھەزار کۆمپانیا و سێ ھەزار لەوانە کۆمپانیای بیانی و نێودەوڵەتین. لەوبارەیەوە دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تۆمارکردنی کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان لەمساڵدا (٢٠١٨) زیادی کردووە و دەتوانین بڵێین ڕێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیای بیانی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ١٠% زیادی کردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان دەڵێت: "کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش بەردەوام ڕۆژانە تۆمار دەکرێن و ڕێژەکەی بەردەوام لە ھەڵکشاندایە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ڕێژەیەی بەر لە ھاتنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی، ھەرچۆنێک بێت ڕەوشەکە بەرەو باشتر دەچێت و ئامارەکان دڵخۆشکەرن بۆ ئێمە."
لەبارەی ھاتنی کۆمپانیای بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان، دڵزار ئیسماعیل ئاماژەی دا: "ئەمساڵ چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی بیانی خۆیان تۆمار کردووە بۆ کارکردن لە ھەرێمی کوردستان، لەوانەش لە ڕۆژانی ڕابردوو چەند کۆمپانیایەکی سعوودیا سەردانی ئێمەیان کرد و وەک حکوومەت لەگەڵیان کۆ بووینەوە و گەیشتینە ڕێککەوتن تا ئەوانیش بە پێی یاسا بتوانن لە ھەرێمی کوردستان دەست بە کار بکەن، ئێمە ھەموو کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکەین، بەتایبەتی ئەوانەی نێوبانگیان ھەیە."
kdp -
