لە نزیک مەخموور، شەڕ لە نێوان داعش و ھێزەکانی عێراق ڕووی دا

 لە نزیک مەخموور، شەڕ لە نێوان داعش و ھێزەکانی عێراق ڕووی دا
نێوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە گوندی عەلیەڕەشی نزیک شارۆچکەی مەخموور ھێزێکی پۆلیسی فیدڕاڵ کەوتنە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی تیرۆریستی داعش و دواتر شەڕێکی توند لە نێوان ھەردوولا ڕووی دا کە تێیدا ھەردوولا زیانیان پێ گەیشت.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەڕەکە لەو کاتەدا ڕووی داوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ھێزێکی پۆلیسی فیدڕاڵ لە قەزای مەخموورەوە بەرەو گوندەکانی ناحیەی قەراج چوونە و کاتێک گەیشتوونەتە گوندەکانی عەلیەڕەش و گەلیەڕەش چەکدارانی تیرۆریستی داعش ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکەی عێراق و لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادانی توند ڕووی داوە و زیانیشی ھەبووە.

بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجامی شەڕی نێوان پۆلیسی عێراق و چەکدارانی داعش ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون.

کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ئەو ناوچەیە پێگەی داعشی تێدایە و پێشتریش ھێلانەیان بووە، لەبەر ئەوەش ھەر ھێزێک بچێتە ئەو سنوورە داعش بەرەنگاری دەبنەوە و شەڕ ڕوو دەدات."

سەرچاوەیەکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ببرێت، دەڵێت: "ئەو سنوورە کە لە دەیان گوند پێک ھاتووە زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە و ناوچەیەکی بەرفراوانە و دوای گرتنەوەی قەزای حەویجە داعشەکانی نێوان مووسڵ و کەرکووک زیاتر لە بناری قەرەچۆخ و پێدەشتەکانی قەراج کۆ بوونەتەوە."

kdp -
Top