یەکێتی بۆ یوسف محەمەد: هێشتا ماوتە بیر لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکەیتەوە
پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ویستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دانانی یوسف محەمەد وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕێککەوتنێکدا، عزەت سابیر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە محەمەد سابیری برای لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کراوە، ڕایگەیاند: ”پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت بە ڕێککەوتن لە نێوان حزب و پێکھاتەکانی عێراق بکرێت، ھەڵبژاردن کراوە و لە ڕێی لیستەوە بووە و یوسف محەمەد، ئەگەر گۆڕان نەبێت، چوار دەنگ ناھێنێت لە کوردستاندا، لەبەر ئەوە، ئەو دەنگەی هێناویەتی، دەنگی حزبەکەیەتی“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەگەر سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق درا بە گۆڕان، پیرۆزیان بێت، بەلام ھێشتا دکتۆر یوسف ماویەتی بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق“.
بە بڕوای عزەت سابیر، دەبێت یوسف محەمەد شارەزایی بای ئەوەندە پەیدا بکات و ”ھاوکێشەی نێودەوڵەتی تێبگات“. دەشڵێ: ”دەبێ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی تێبگات، بۆ ئەوەی بیر لەو پۆستە بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە تەمەنەکەی بکە بەپێوەر بۆ ئەزموون، ئەوکاتە بەراوردێک لە نێوان محەمەد سابیر و یوسف محەمەد بکە، ئەزموونەکەیان و خەباتەکەیان بەراورد بکە، ئەو کاتە بۆ ھەموو خەڵکی عێراق دەردەکەوێت کە ھێشتا یوسف محەمەد ماویەتی بیر لەوە بکاتەوە کە ببێت بە سەرۆک کۆمار“.
باسنیوز
