گواستنەوەی بنکەی ئەنجەرلیک لە تورکیاوە بۆ هەولێر دێتەوە بەرباس
لە ساڵی ١٩٧٤ دوای ئەوەی تورکیا پەلاماری قوبرسی دا، ئەمریکا سزای بەسەر تورکیادا سەپاند و ھەموو گرێبەستێکی سەربازی لەگەڵدا ڕاگرت، ئەوکات تورکیاش وەڵامی ئەمریکای دایەوە و بنکەی ئینجەرلیکی بەسەردا داخستن. دوای داخستنی بنکەی ئینجەرلیکیش، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەوپەڕی خراپیدا بوو و تا ئەمریکا سزاکانی لەسەر تورکیا ھەڵنەگرت، ئینجەرلیک نەکرایەوە.
فاروق لۆغئۆغلو، دیپلۆماتکاری گەورەی تورکیا و سەرکونسووڵی پێشووی تورکیا لە ئەمریکا، پێی وایە تورکیا ئەستەمە بیر لە داخستنی بنکەی ئینجەرلیک بکاتەوە، چونکە لە بەرژەوەندیی تورکیا نییە.
فاروق لە لێدوانێکدا بۆ بۆ بەشی تورکیی تۆڕی مدیایی (BBC) ئاماژە بەوە دەکات بڕیارێکی ڕاست نییە ئەگەر تورکیا ئینجەرلیک بەسەر ئەمریکا دابخات، چونکە ناوچەکە بە تیرۆر داڵدە دراوە و ئەمریکا پێشتر بۆ لێدانی داعش ئەو بنکەیەی بەکار ھێناوە.
ماوەی ھەفتەیەک دەبێت بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ئەمریکییەکە لە تورکیا، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا زۆر خراپ بووە و ئەمریکا سزای بەسەر ٢ وەزیری تورکیادا سەپاند و چاوەڕوانیش دەکرێت چەند سزایەکی دیکەی ئابووری و سەربازیی تورکیا بدات.
چاودێران لەلایەن پرسیارە، ئاخۆ تورکیا بنکەی ئینجەرلیک بەسەر ئەمریکادا دادەخات؟ داخستنی بنکەی ئینجەرلیک بەر لەوەی زیان بە ئەمریکا بگەیەنێت، بە تورکیای دەگەیەنێت، وەکو ئەوەی فاروق لۆغئۆغلو باسی دەکات، ئەم سەردەمە ١٩٧٤ نییە و ئەگەر تورکیا ئەو بنکەیە دابخات، ئەمریکا ئەڵتەرناتیڤی ھەیە و بنکەکەی دەباتە ئوردون، یاخود دەیھێنێتە ھەولێر، کە پێشتر چاودێرانی سیاسیی تورکیا پێشبینییان کردبوو بنکەی ئینجەرلیک دەگوازرێتەوە ھەولێر.
مەتە یەرار کە نووسەرێکی نزیک لە ئەکەپەیە و لە رجەب تەییب ئەردۆغانیش نزیکە، لە ساڵی ٢٠١٣ کتێبێکی لەسەر بنکەی ئینجەرلیک بڵاو کردەوە و لەوێدا باس لە گواستنەوەی ئەو بنکەیە دەکات لە تورکیاوە بۆ ھەولێر.
یەڕار پێشبینی دەکات، ئەمریکا چاوی بڕیوەتە ھەولێر بۆ کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی، ھەروەھا دەیەوێت هەولێر ببێتە جێگیرەوەی تورکیا.
کتێبەکەی یەڕار گرنگییەکی زۆری پێ درا لە تورکیا و چەندین تەلەفزیۆن بەرنامەی تایبەتیان لەسەر کرد و لە بەرنامەکاندا زۆربەی چاودێران پێیان وابوو ئەمریکا جێگەی متمانە نییە و ئەگەر بەھێزە بنکەی ئینجەرلیک بگوازرێتەوە بۆ ھەولێر.
BAS NEWS-
