شوان محەممەد: كورد پێشوەختە هیچ بڕیارێكی نەداوە
چەند لایەنێكی عێراقی دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە، كە گوایە لایەنە كوردییەكان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا بكەن، لە كاتێكدا هێشتا كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی رانەگەیاندووە و دادگای فیدراڵییش پەسەندی نەكردووە.
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، شوان محەممەد تەها، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەموو كوتلەكان باس لەوە دەكەن كە ئێمە گەورەترین كوتلە دروست دەكەین و كوتلەی گەورە لە پەرلەمان دروست دەبێت و لە دەرەوەی پەرلەمان دروست نابێت، تاوەكوو كۆمسیۆنیش ئەنجامی كۆتایی رانەگەیێنێت، بۆ باسكردنی گەورەترین كوتلە، كاتەكەی زووە".
شوان محەممەد تەها گوتیشی، كورد سەیری گەورەترین كوتلە ناكات و سەیری پڕۆژەی ئەوان بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەكات، كە دەیانەوێت چ جۆرە حكووموتێك دروست بكەن و چ پڕۆژەیەكیان هەیە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە بەشداری دەكات.
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا دەكرێن، هیچیان جیددی نین تاوەكوو ئەنجامەكان رادەگەیێندرێن و دادگای فیدراڵییش پەسەندیان دەكات، چونكە هیچ لایەنێك لەخۆیەوە ناتوانێ گەورەترین كوتلە ئاشكرا بكات.
تەها باسی لەوەش كرد، كورد پێشوەختە هیچ بڕیارێكی نەداوە و ئەوەی هەندێك لایەنی عێراقی باسی دەكەن، گەمەی سیاسییە، چونكە كورد لەسەر خوێندنەوەی پڕۆژەی پێكهێنانی حكوومەت بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن دەدات، نەك پێش ئەوەی پڕۆژەكە ببینێت.
kdp-
