وەزارەتی ئەوقاف: هەر مامۆستایەكی ئایینی بیری توندڕەوی بڵاو بكاتەوە، ئیجرائاتی لەگەڵ دەكرێت

وەزارەتی ئەوقاف: هەر مامۆستایەكی ئایینی بیری توندڕەوی بڵاو بكاتەوە، ئیجرائاتی لەگەڵ دەكرێت
وەزارەتی ئەوقاف، هۆشداری دەدات لە مەترسیی بیری توندڕەوی و، داوایش دەكات دامەزراوەكانی حكوومەت لەگەڵ سەرجەم ناوەندە ئایینییەكان و حزبە ئیسلامییەكان هاوئاهەنگی بكەن، بۆ ئەوەی بیری توندڕەوی لە كوردستاندا نەهێڵدرێت، چونكە داعش تاكتیكی گۆڕیوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ بڵاوكردنەوەی هزری توندڕەوی بەكار دەهێنێت.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان ڕۆڵی باشیان هەبووە لە رووبەڕووبونەوەی فیكری توندڕەوی، بەڵام گرفت لەوەدایە كە دەستەجەمعییەك نییە بۆ رووبەڕووبونەوەی فیكری تیرۆر، بۆیە دەبێت ئەم دەستەجەمعییە دروست بكرێت، هەروەها گرینگە لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكرێت لە دامەزراوەكانی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام و حزبە ئیسلامییەكاندا، بۆ ئەوەی پرسی بەرەوڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی فراوانتر بكرێت و نابێت كەس لەسەر ئەم پرسە دوورەپەرێز بێت، چونكە ناكرێت لەهەر پرسێكی تیرۆردا دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، بەڵكوو دەبێت ئەم پرسە لە ڕووی فیكرییشەوە كاری بۆ بكرێت، بۆیە لەمەودوا و لە رابردوویشدا هەر مامۆستایەكی ئایینی بزانین بیری توندڕەوی بڵاو دەكاتەوە، ئیجرائاتی لەگەڵ دەكرێت".

نەقشبەندی گوتیشی: "هەر مامۆستایەكی ئایینی لە دەرەوەی یەكێتیی زانایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف بێت، ئەو ئیجرائاتە دەیگرێتەوە، چونكە دواجار هەر مامۆستایەكی ئایینی دەبێت لە وەزارەتی ئەوقافەوە فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەربچێت".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی خستە روو: "دەبێ بە هەموو شێوەیەك رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، بە تایبەت ئێستا داعش سوودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەرگرتووە، پەخشی كۆمەڵێك وتار دەكرێت كە بیری توندڕەوی بڵاو دەكەنەوە، بۆیە گرینگە سەرجەم دامەزراوەكان و وەزارەتی رۆشنبیرییش رۆڵیان لەم پرسەدا هەبێت و بە كاركردنی پێكەوەیی بیری توندڕەوی لەناو ببرێت".

مەریوان باوەڕیشی وایە كە، داعش كار لەسەر مێرمنداڵ دەكات، بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە و ئەوانەشی لە كوردستانەوە چوونەتە ناو داعش و لەو تەمەنەدا بوون.
kdp-
Top