وێنەی سەرۆك بارزانی و كۆچەر بیركار لە مەریوان هەڵدەواسرێ
سەرباری ئەوەی ڕژێمی ئێران بەتوندی ڕووبەڕووی هەر هەڵوێستێكی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبێتەوە، بەڵام كوردانی ئاوایی نێ، كە بەهەڵوێستی كوردانەیان دەناسرێنەوە، ئەمڕۆ لەمیانی ئاهەنگی خۆشی دەربڕین و بەخشینەوەی شیرینی بەبۆنەی سەركەوتنە مەزنەكەی ڕۆڵەكەیانەوە، وێنەی سەرۆك بارزانییان هەڵواسی.
پێش كەمێكی لە هەژماری "لاوانی نێ" لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكدا، وێنەكانی سەرۆك بارزانی و كۆچەر بیركار بڵاوكرانەوە، تیایدا ئاماژە بەپەیامە باوكانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ سەركەوتنی ئەم ڕۆڵەیەی كوردستان كراوە.
كۆچەر بیركار لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل خەڵاتی فیڵتزی لە بواری بیركاریدا وەرگرت، كە بەنۆبڵی بیركاری ناسراوە، ناوبراو دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە و پرۆفیسۆرە لە زانكۆی كامبریج، لەمیانی وەرگرتنی خەڵاتەكەیدا گوتی "هیوادارم دڵی 40 ملیۆن کوردم خۆش کردبێت".
لای خۆیەوە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لە پەیامێكدا بۆ كۆچەر بیركار گوتبووی ئەو یەکێکە لەو 40 ملیۆن کوردەی بە سەرکەوتنەکەی کۆچەر بیرکار، زانای بیرکاری، خۆشحاڵە.
سەرۆک بارزانی جگە لە هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ ئەو زانایە، رایگەیاندووە شانازی بە کۆچەر بیرکارەوە دەکات.
لە پەیامەکەدا، سەرۆک بارزانی هیواش دەخوازێ کۆچەر بیرکار ببێتە سەرمەشق و نموونەی باڵا بۆ گەنجانی دیکەی کوردستان.
باسنيوز
