هه‌ڵه‌بجه.. حكوومه‌تی عێراق بۆ كردنه‌وه‌ی شەش فه‌رمانگه‌ ڕه‌زامه‌ندیی دەربڕی

 هه‌ڵه‌بجه.. حكوومه‌تی عێراق بۆ كردنه‌وه‌ی شەش فه‌رمانگه‌ ڕه‌زامه‌ندیی دەربڕی
دوای ئه‌وه‌ی شاندێكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كرد، حكوومه‌تی عێراقی بۆ كردنه‌وه‌ی چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌ك له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ر‌بڕی.

له‌ ڕاگه‌یاندراوێكی پاریزگای هه‌ڵه‌بجه‌دا كه‌ دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2018/8/1 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "له ‌وێستگه‌ی دووه‌می سه‌ردانه‌كه‌ی شانده‌كه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌‌، له‌ به‌غدای پایته‌خت، چاومان كه‌وت به (قاسم الاعرجی) ، وه‌زیری ناوخۆیی حكوومه‌تی عێراق و به‌ختەوەرانە‌ ده‌توانین وه‌ك مژده‌یه‌ك ڕای بگه‌یه‌نین بۆ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ڕه‌زامه‌ندی دراوه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانگه‌ فیدراڵییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك هه‌یه‌".


ئاماژه‌ش به‌وه ‌دراوه‌: "ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ ڕه‌زامه‌ندییان لەسەر دراوه‌، پیكهاتوون له‌: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕه‌گه‌زنامه (جنسیه) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باری شارستانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كارتی زانیاری، لیوای پاسه‌وانیی سنوور، تابلۆی ئۆتۆمبێل".



پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاشی ده‌گه‌یه‌نن:"وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی عێراق، به‌لێی هاوكاری و پشتیوانی داوه‌ بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه".



دوینێ سێشه‌ممه‌ (31/7/2018)، شاندێكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ فیدراڵییه‌كان سه‌ردانی به‌غدایان كرد.












باسنیوز
Top