سەفین دزەیی: لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا هاوکاری و بەشدارییەکی بەهێز دەکەین
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "هەموو لایەک جەخت لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەنەوە، بەڵام هێشتا یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە لەم قۆناغەدا دەستی پێ نەکردووە، ڕەنگە لە ناوەڕاست یان کۆتایی ئەو پرۆسەیەش لایەنی کوردستانی سەنگی محەک بێ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، لەگەڵ ئەوەشدا نەخشەی سیاسیی عێراقی نوێ وایە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ شیعەکان، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ سوننەکانە".
دزەیی گوتیشی: "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لایەنگری هەر کاندیدێک دەکەین، کە لایەنی شیعە خۆیان کاندیدی بکەن و پاڵپشتیی بکەن، ئەوکاتەش هەرێمی کوردستان هاوکار دەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بەشدارییەکی بەهێز لە حکوومەت و پەرلەمانیشدا دەکات".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ کۆمەڵێک مەلەف دەکات کە پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: "کۆمەڵێک مەلەف و مادەی یاسایی و دەستووری هەن، کە کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە جەختیان لەسەر بکرێتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق دانوستانیان لەسەر بکات".
ڕوونیشی کردەوە ئێستا یەکێتی و پارتی خەریکی ئامادەکردنی کارنامەیەکی هاوبەشن، هیواداریشین لایەنە سیاسییەکانیش هەموو تێیدا بەشدار بن، چونکە ئەو کارنامەیە کارنامەی داهاتووی هێزە کوردستانییەکان دەبێت لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراق.
لە درێژەی لێدوانەکەی سەفین دزەیی ئەوەشی خستە ڕوو: "کاتێک داعش مووسڵی داگیر کرد، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق پاراستنی هەندێک لە ناوچەکان هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئەستۆی گرت، بەڵام کاتێک ئۆپەراسیۆنەکان تەواو بوون و تێکشکانی داعش ڕاگەیەندرا و ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ی بەسەردا هات، پێشمەرگە لە هەندێک ناوچە کشایەوە، بەڵام بە کشانەوەش هێزە عێراقییەکان نەیانتوانی لەو ناوچانە جێگیر ببن و بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لەو ناوچانە دروست بوو، پاشان داعش ئەو بۆشاییەی پڕ کردەوە، ئێستاش مەرترسی و دڵەڕاوکێیان بۆ خەڵک دروست کردووە و زوو زوو خەڵک دەڕفێنن، دەیان کوژن".
باسنیوز
