سۆران.. هەزاران پارچە زەویی هاووڵاتییان تاپۆ دەكرێن
ئەمیر فاخر، بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی سۆران، ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد كەس داواكاریی ئەوەیان پێشكەش بە شارەوانیی سۆران كردووە، كە ڕێگەی پێدانی دروستكردنی خانووەكانیان پێ بدرێت، كە زیاتر ئەو زەوییانەن كە بێ پێشینەن و كەوتوونەتە نێوان خانووەكان لە كۆڵان و گەڕەكەكان و كەسانێك خۆیان بە خاوەنیان دەزانن، كەچی بەهۆی نەبوونی تاپۆی زەووییەكانیان، بەربەستیان بۆ دروست ببوو".
بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی سۆران، گوتیشی، دوای هەوڵە بەردەوامەكان، بەختەوەرانە سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ پێدانی مۆڵەت بە خاوەن زەووییەكانی سۆران كە دەیانەوێت خانووی لەسەر دروست بكەن، لەبری ئەوە بۆ هەر مەترێك چوارگۆشە بڕە پارەیەك لە خاوەنەكانیان وەردەگیرێت و دەتوانن ئەو زەوییانەیان بكەن بە خانوو، لەبری وەرگرتنی ئەو پارەیەش زەوییەكانیان بە تاپۆ هەژمار دەكرێن".
ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ پێدانی مۆڵەت و تاپۆكردنی ئەو زەوییانە چەند ڕێكارێكی یاسایی هەیە، بۆ نموونە نابێت شوێنی زەوییەكە سەوزایی بێت، یان شوێنی موڵكی گشتی بێت، هەروەها نەخشەی ئەو شوێنە هەبێت، بۆ دەستپێكردنی ئەو كارە تەنها چەند ڕێكارێكی ئیداری و هونەری ماوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا، دەست بە مامەڵەی ئەم هاووڵاتییانە دەكەین".
باسنیوز
