دەستەی ئاماری ھەرێم: هۆكاری هه‌ڵكشانی رێژەی ھەژاری له‌ ھەرێمی كوردستاندا، عێراقه‌

 	 دەستەی ئاماری ھەرێم: هۆكاری هه‌ڵكشانی رێژەی ھەژاری له‌ ھەرێمی كوردستاندا، عێراقه‌
بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی هەن، ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراق بەراورد ناكرێت، وەك سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد، رێژەی ھەژاری لە ناوچەكانی عێراق زۆر زیاترە لە ھەرێمی كوردستان و ئەوەیشی بووەتە ھۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی ھەژاری و بێكاری لە ھەرێم، ھەر بەغدایە.

سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان هاوكات ده‌ڵێ، ھەموو كۆتایی ساڵێك رووپێوێك لەبارەی رێژەی بێكاری و ھەژارییەوە ئەنجام دەدەن، بەڵام لە چەندین ساڵی رابردوودا سەرەڕای بڕینی مووچە و بودجە لەلایەن بەغداوە، ھێشتا لە زۆر رووەوە ھەرێمی كوردستان بەراورد بە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر باشتره‌، ئه‌و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ڕه‌چاوگرتنی ئاماره‌كانی به‌رده‌ستیان گوتی ''ئێمە ھێزی كارمان زیاترە و لەبارەی ھەژارییش ئەوە ھەرێمی كوردستان بە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەراورد ناكرێت".

لە ساڵەكانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ رێژەی بێكاری لە ھەرێمی كوردستان ١٣% بووە، ئەوە زیادبوونێكی گەورە بوو، چونكە لە ساڵی ٢٠١٥ رێژەی بێكاری نیوەی ئەو رێژەیەی سەرەوە بووە، بەڵام وه‌ك سیروان محه‌ممه‌د ده‌ڵێ، لە عێراق تا ئێستا ھیچ رووپێوێكی تایبەت بە بێكاری ئەنجام نەدراوە، ئەوەیشی حكوومەتی عێراق لەبارەی رێژەی بێكارییەوە بڵاوی دەكاتەوە، لە ئاسایشی خۆراك وەرگیراوە.

ھاووڵاتیانی باشووری عێراق زیاتر لە دوو حەفتەیە بە هۆی بێكاری و ھەژاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، تەنگیان بە حكوومەتەكەی بەغدا ھەڵچنیوە و دەیانەوێ ژیانیان باشتر بكرێت و لەو ھەژاری و دەردیسەرییەی تێی كەوتوون رزگاریان ببێت.
سیروان محەممەد له‌وباره‌وه‌ زانیاریی دا، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بڵاو دەكرێنەوە، بۆ ساڵی ٢٠١٦ رێژەی بێكاری لە عێراق وەك ئەوان باسی دەكەن ١٥% بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا ھاووڵاتیانی عێراقی باس لەوە دەكەن رێژەی بێكاری زۆر لەوە بەرزترە كە حكوومەت باسی دەكات.

لە ھەر وڵاتێك رێژەی بێكاری روو لە ھەڵكشان بكات، لە بەرانبەردا رێژەی ھەژارییش بەرز دەبێتەوە و ھاوتەریب دەبن. محەممەد ئاماژەی دا "ئێمە دەتوانین رێژەی بێكاری بە رێژەی ھەژارییەوە ببەستینەوە لە عێراقدا، چونكە رێژەی ھەژاری لە عێراق ٢٤%ـە و لە ھەرێمی كوردستانیش رێژەی ھەژاری نزیكەی ١٢% بوو بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٤، ئەو ئامارانەیش ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكەن كە رێژەی ھەژاری لە عێراق زۆر زیاترە لە ھەرێمی كوردستان، نایشارینەوە شەڕی داعش و بڕینی بودجە و مووچەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، كاریگەرییان ھەبووە لەسەر رەوشی ھەژاری و بێكاری لە ھەرێمی كوردستاندا".



kdp -
Top