دلۆڤان ئەمجەد بارزانی: لە دلۆڤانی و خۆشەویستیی کەسوکارەکانم بێبەش بووم

 	 دلۆڤان ئەمجەد بارزانی: لە دلۆڤانی و خۆشەویستیی کەسوکارەکانم بێبەش بووم
کەسوکارێکی ئەنفالکراوی بارزان دەڵێت، خانەوادەکەم هاوشیوەی تەواوی بارزانییەکان کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفالی بەعسەوە و زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەم بوونەتە قوربانیی ئەو ئەنفالە گەورەیە.

دلۆڤان ئەمجەد بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "خانەوادەکەم لەسەر لیستی قوربانییەکانە، شەش مامم و باپیر و دوو خاڵم کەوتوونەتە بەر شاڵاوی ئەنفال و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی بێبەش بم لە میهرەبانی و خۆشەویستیی کەسوکارم."

دلۆڤان دەڵێت: "ئامانجی ڕژێمی سەددام ئەوە بوو کورد لە ڕەگ و ڕیشەوە لەنێو ببات، کەچی نەیتوانی و کورد بەهێزتریش بوو، چونکە ئێمە گەلێکین هەرگیز خۆمان نەچەماندووە بۆ هیچ زوڵم و ستەمێک و ئێمە غەدر قبووڵ ناکەین، تەنیا ئامانجمان سەربەخۆییی گەلی کوردە."

بەر لە ٣٥ ساڵ، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ٣١-٧ ١٩٨٣، ڕژێمی لەنێوچووی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەددام حوسێنی دیکتاتۆر بە شێوازێکی هۆڤانە ٨ هەزار بارزانیی لە ڕەگەزی نێر بە هەموو تەمەنێکەوە ملکێشی باشووری عێراق کردن و هەموویان کۆمەڵکوژ کران."

دلۆڤان گوتی: "گەلی کورد بەوە ناسراوە هەرگیز لە ئەنفال و کارەسات نەترساوە و ئیرادەیان نەشکاوە و خۆراگری و بەرخودانی کردووە و بەرخۆدانیش دەکات تا دەگاتە ئامانج."

دلۆڤان گوتیشی: "زۆربەی کەسووکارەکانم بوونەتە قوربانی و تا ئێستاش نازانم دلۆڤانی و میهرەبانی و خۆشەویستیی مام و باپیر و خاڵ چ شتێکە، ئەمە تاوانێک بوو لە دژی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهاندا."
kdp-
Top