پشدەر و بتوێن.. لەماوەی شەش مانگدا 25 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو لەناوبردراوە
ئەمڕۆ سێشەممە 31\7\2018، بەشی خۆپاراستن و هۆبەی چاودێری تەندروستیی بازاڕ و خۆراک، لە پشدەر و بتوێن، لە راگەیاندراوێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە لێژنەکەیان، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، هەزار و 800 جار سەردانی ناو بازاڕی کردووە، 255 جار ئاگادارکردنەوەیان داوەتەوە، کارگە و دووکانەکان، زیاتر لە 26 شوێنیان سزا داوە، 83 مۆڵەتی کارکردنیان داوە، 233 مۆڵەتیشیان نوێکردووەتەوە، زیاتر لە 680 کارتی کارکردنیان بە شوێنەکان داوە.
بەشی خۆپاراستن و هۆبەی چاودێری تەندروستیی بازاڕ و خۆراک، لە پشدەر و بتوێن، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بەبڕی ملیۆنێک و 745 هەزار دوکانداریان غەرامە کردووە و 7 ملیۆن و 145 هەزار دینار داهاتیان هەبووە، زیاتر لە 25 تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەرچوویان لەناوبردووە، هەروەها پشکنینی تاقیگەییان بۆ بۆ 980 کرێکار کردووە و 20 مۆڵەتیش پووچەڵ کراوەتەوە.
باسنيوز
