ئاوارەکانی کەمپی حەسەن شام دژی حکوومەتی عێراق ناڕەزایەتی دەردەبڕن

 ئاوارەکانی کەمپی حەسەن شام دژی حکوومەتی عێراق ناڕەزایەتی دەردەبڕن
بەرپرسی کەمپەکانی حەسەن شام ڕای دەگەیەنێت، کە ئاوارەکانی کەمپەکە دژی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ڕەشید دەروێش، بەرپرسی کەمپەکانی حەسەن شام ڕايگەیاند: ”ئەمڕۆ سێشەممە 31/7/2018، ئاوارەکانی کەمپی حەسەن شام دژی حکوومەتی عێراق و بەھۆی نەبوونی کارەباوە ناڕەزایەتییان دەربڕی، چونکە چەندین ڕۆژە بێ کارەبان“.

ڕوونیشی کردەوە، کە ئەوان لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تا ئێستا ھیچ وەڵامێکیان بۆ داواکارییەکەیان نەبووە، پێویستیشە کارەکە بە فەرمی بکرێت، چونکە ئێستا کەشوھەوا گەرمە، بەڵام کە زستان دێ، ھەمان دۆخ دووبارە دەبێتەوە“.

بەرپرسی کەمپەکانی حەسەن شام ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە بەرواری 1/7/2018وە، گرێبەستی ڕێکخراوی (UNDP) تەواو بووە، کە پێشتر گازی بۆ مۆلیدەکانی کەمپەکە دابین دەکرد، "ئێستا گوایە لەسەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە ئەو گازە دابین بکات، کەچی ھەر پێی دابین نەکراوە"، دەشڵێت: ”ماوەی پێنج ڕۆژە دانیشتووی کەمپەکە بێ کارەبان“.










باسنيوز
Top