ته‌عریبكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى نه‌ینه‌وا ده‌ستى پێكرد

 ته‌عریبكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى نه‌ینه‌وا ده‌ستى پێكرد
قۆناغێكی نوێی ته‌عریبكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى نه‌ینه‌وا ده‌ستی پێكرد و په‌رله‌مانتارێكى كوردانى شه‌به‌ك له‌و پارێزگایه‌، ورده‌كاریی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى تۆمارى بارى شارستانى سه‌دان هاووڵاتى عه‌ره‌ب بۆ ئه‌و ناوچانه‌، ئاشكرا ده‌كات.


سالم محه‌مه‌د شه‌به‌ك، ئه‌ندامى خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى عێراق، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكی به‌په‌له‌دا بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كانى ته‌لكییف و حه‌مدانییه‌ و ئه‌نجومه‌نى شاره‌دێی به‌رته‌ڵه‌ و باشیك، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (باسنیوز) هاتووه‌، ڕای گه‌یاند: "ئه‌مڕۆ ڕه‌زامه‌ندى گواستنه‌وه‌ى سه‌دان خێزانى هاووڵاتى عه‌ره‌ب بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى نه‌ینه‌وا ده‌ركرا و مامه‌ڵه‌ى گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانى به‌رته‌ڵه‌، ته‌لكیف، باشیك كۆتایی هاتووه‌".


ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خێزانه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌ش كراون:

ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى 56 خێزان بۆ ته‌لكیف درا، هه‌روه‌ها 26 خێزان بۆ به‌رته‌ڵه‌، پێنج خێزانیش بۆ باشیك.


هه‌ر ئه‌مڕۆ ڕه‌زامه‌ندی گواستنه‌وه‌ى تۆمارى 17 خێزان بۆ زومار و سێ خێزانى تر بۆ شێخان دراوه‌.


ئاشكراشی كرد، كه‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ناو پارێزگاى نه‌ینه‌وا، ده‌رگاكانیان بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب كردووه‌ته‌وه‌، تۆمارى ڕه‌گه‌زنامه‌ى بۆ ده‌شتاییه‌كانى نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ئه‌و پارێزگایه‌، به‌بێ هیچ مه‌رجێك بگوازێته‌وه‌.


باسنیوز
Top