" ٤٥٠٠ خێزانی عەرەب ھاوردەی نێو شاری کەرکووک کراون"

بەرپرسێکی ئاسایشی کەرکووک ئاشکرای کرد، پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە کەرکووک بەردەوامە و دەڵێ، تەنیا دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا نزیکەی چوار ھەزار و ٥٠٠ خێزانی عەرەب لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە ھاوردەی نێو شاری کەرکووک کراون.



نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، کەرکووک بە ڕەوشێکی نەخوازراوی ئاڵۆزدا دەرباز دەبێت و ڕۆژانە دیاردەی کوشتن و ڕفاندن و تاڵان بەردەوامە، ھەر دوێنێ لە کەرکووک ھاووڵاتییەکی کورد بە ناوی محەمەد فازڵ لە لایەن ئەفسەرێکی موخابەراتی عێراقەوە کوژراوە و ئاموزایەکیشی بریندار کراوە، کەسە کوژراوە کوردە و خەڵکی گەڕەکی قادسییەی کەرکووکە و دەرچووی کۆلێژی یاسایە، ھەر ئەمڕۆ لە گەڕەکی پەنجاعەلی تەرمی ھاووڵاتییەکی کورد بە ناوی دانەر دوزراوەتەوە."



بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆسەی بەعەرەبکردن و بەشیعەکردنی کەرکووک زۆر پەرەی سەندووە، بە پێی زانیاری و داتای بەردەستی ئێمە کە ڕێکخراوی یونسکۆ پشتی پێ بەستووە ھەر لە دوای ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا نزیکەی چوار ھەزار و ٥٠٠ خێزانی عەرەبی شۆڤێنی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە ھاوردەی نێو سەنتەری شاری کەرکووک کراون، جگە لە ھاوردەکردنی عەرەب بۆ نێو قەزا و ناحیەکان و ئەوانەی عەرەبی شۆڤێنین و لە قەزا و ناحیەکانەوە ھاوردەی نێو شار کراون."



نەقیب گۆران عەبدوڵڵا دەڵێت: "پێشتر نەک ھاتنی خێزانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق تەنانەت بۆ خێزانەکانی دەوروبەری شاری کەرکووکیش نەبوو بێنە نێو کەرکووک نیشتەجێ ببن، چونکە ئاشکرایە کەرکووک سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بەڵام بەداخەوە ئێستا پارێزگاری بەوەکالەت بەلێشاو عەرەب ھاوردەی نێو کەرکووک دەکات و کارتی نیشتیمانیشیان بۆ دروست دەکات."



لەبارەی مەترسیی پڕۆسەی بەعەرەبکردنەوە، نەقیب گۆران ڕوونی کردەوە: "تەنیا مەبەست لە ھێنانی عەرەب و شیعە بۆ نێو کەرکووک گۆڕینی دیموگرافیای شارەکەیە و بۆ کاتی ھەڵبژاردن بەکاریان دەھێنن، ئەوە جگە لە داگیرکردنی مڵک و ماڵی کوردان لەو شارە، زەنگێکی مەترسیداریشە بۆ سەر داھاتووی کەرکووک، چونکە کەرکووک لە ڕووی دەستوورییەوە یەکلا نەبووەتەوە و پێویستی بە قۆناغی یاسایی ھەیە."
kdp-
Top