کوتلە و کوتلەکاری حزبەکەی شاسوار عەبدولواحیدیش دەگرێتەوە
دارا ئەنوەر زۆراب، یەکێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات، لە نامەیەکی دەست لەکار کێشانەوەدا ڕای گەیاندووە: ”لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەناو بینای چاڤی مۆڵ، چەند عەقڵێکی بچووکی موئامەرەچی، کۆیلەی ھەلپەرستی چاو لە پۆست و پلەوپایە، بەبێ ئەوەی جورئەتی رووبەرووبوونەوەیان ھەبێت، یان ھەڵوێستێکیان ھەبێت، بە شێوەی کوتلە و کوتلەکاری دەرکەوتن، چوونە سەر مەعدەنی ئەسڵی خۆیان کە ھەمیشە وەک خۆم گومانی گەورەم لە سەریان ھەیە، رەنگە ئێستا بێت یان ئایندە مەعدەنی ئەسڵی ئەو کەسانە بۆ خەڵک و جەماوەریش دەربکەوێت“.
ئەو دامەرێنەرەی نەوەی نوێ، ئەوەشی خستە روو، کە نە ویژدانی، نە ئەخلاقی و کەسایەتی، رێگەی پێ نادات لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا خۆی کاندید بکا، کە ئێستا لەناو بینایەکی بچووکن. دەشڵێت: ”کۆمەڵێک کەس ئامانجیان کوتلە و کوتلەکاری بێت، لە بری خەمیان خەمی میللەتێک بێت و کار بکەن بۆ ئامانجێکی ستراتیژی، دووبارە خەون و ھیوا و ئومێدی خەڵکی بە رۆژی ڕووناک بۆ پێکەنین و دەستخۆشییەک لە خۆیان لە گۆڕ بنێن“. بۆیە دەپرسێت: ”ئاخۆ ئەگەر لە ناو بینای پەرلەمان کاری پەرلەمانی لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە بم، ئامانجی میللەتێک بچووک بکەنەوە بۆ کوتلە و کوتلەکاری، لەگەڵ کێ و بە مەبەستی چی؟ بۆیە دەڵێم سیاسەت ئەخلاق و بەرپرسیاریەتییە نەک کوتلە و کوتلەکاری و فێڵبازی بێت“.
هەر لەو نامەیەدا دارا ئەنوەر زۆراب دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە نەوەی نوێ ڕاگەیاندووە.
باسنيوز
