هاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفا: چەند پەرلەمانتار و وەزیری گۆڕان لە گەندەڵییەوە گلاون

 هاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفا: چەند پەرلەمانتار و وەزیری گۆڕان لە گەندەڵییەوە گلاون
هاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفا، کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕانی ئاشکرا کرد و نەیشاردەوە کە نەوشیروان مستەفا پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، ترسی لە سەرکردەکانی ئێستای گۆڕان هەبووە و بەو هۆیەوە کردوونی بە ”ڕاوێژکار“. ئەوەش ناشارێتەوە کە سەرکردەکانی گۆڕان لە گەندەڵییەوە گلاون.

د. چیا عەباس، هاوڕێی نزیکی نەوشیروان مستەفا کە بە کەسایەتییەکی دیاری گۆڕان دادەنرێت، لە نووسینێکیدا کە لە ماڵپەڕی (سپی میدیا) بەناونیشانی (گۆڕانەکەی کاک نەوشیروان و گۆڕانەکەی ئێستا) نووسیویەتی، ئاماژەی بەو گۆڕانە داوە کە نەوشیروان مستەفا کاری بۆ دامەزراندنی کردووە و ئاشکرای کردووە، لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٦، بە بریارێکی نووسراو، گرووپە دێرینەکەی یەکێتی لە ناو گۆڕان وەک گروپی راوێژ دیاری کردووە، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە کە بڕیارەکەیان پشتگوێ خستووە.

چیا عەباس ڕوونی کردووەتەوە، پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ”کۆمەڵێک لە گروپی راوێژ، دەستیان بەسەر موقەدەراتی گۆڕاندا گرت. کاک نەوشیروان پاش سێ ساڵ لە بریاری یەکەم کۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان لە (٢٠١٣)، لە دروستکردنی خانەی راپەراندن دڵنیا نەبوو، چونکە دەیزانی ئەگەر ھاوسەنگیی نێوان گروپ و ئاراستەکانی ناو گۆڕانی تێدا رەچاو نەکرێ و گروپی راوێژ ناکۆکییە لابەلاکانیان بەلاوە نەنێن، ئەوا ئاکامەکانی بۆ گۆڕان زەرەربەخش دەبن. راستەوخۆ دوای ماڵئاوایی، یەکەم ھەڵمەتی گرووپی راوێژ دروستکردنی خانەی راپەراندن بوو تا دەست بەسەر گۆڕاندا بگرن، گۆرانخوازان زۆر باش بە ئاگان بە چ ژان و مەخزێک و بە پێچەوانەی بەشێکی گرنگ لە وەسیەتی کاک نەوشیروان، ئەو خانەی راپەراندنە دروست کرا. قۆرخکاری و چاوچنۆکی و پشتگوێخستنی وەسیەتەکەی کاک نەوشیروان، ئەو زەنگە مەترسیدارانە بوون کە بەرگێگی تر بە بەری گۆڕاندا دەکرێت“.

ئەو هاوڕێیە نزیکەی نەوشیروان مستەفا، خانەی ڕاپەڕاندنی بە بێدەنگی تۆمەتبار کردووە کە بەرامبەر بە ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستاندا ”مێشێک میوانی ئەم خانەی راپەراندنە نەبووە“. ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”بونیادی گۆڕان بە دەست گرووپ گرووپێنە و چەند تاقمێکی خۆپەرستی بەرژەوەندیخواز شەکەت بووە، چەند ھەڵسوراو و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیری گۆڕان تا بیناقاقایان لە گەندەڵی و کار و رەفتاری ناشیرین تێوەگڵاوە، خانەی راپەراندن پاش فشارێکی زۆر، بە دەگمەن بەو گۆڕانە گەندەڵچییانەی گوتووە کلێک بە چاوتانەوە دیارە“.

چیا عەباس نایشارێتەوە کە گۆڕان کێشەی موڵکداریەتی و دارایی و راگەیاندن و دەستتێوەردانی دەرەوەی حزبەکەی ھەیە. جگە لەوەی ”کەسانێک کە بە ناو گۆڕانخوازن مەرج و میزاجی خۆیان بە سەر گۆڕاندا دەسەپێنن، بەشێک لە تازە پێگەیشتووەکانی ناو گۆڕان بوونەتە دێوەزمەیەکی خۆپەرستی تێکدەری ناو گۆڕان و بە ھەموو جۆرێک کار بۆ خۆیان و خواستەکانی خۆیان دەکەن، بەشێک لێیان لەگەڵ تۆڕە ناحەزەکان بە گۆڕان تێوەگلاون، بە چڕینەوەی دروشمەکانی گۆڕان، رووخساری تاریکیان بچێک سپی دەکەنەوە، ئەمانە و دەیان نموونەیتر گۆڕانیان ھێناوەتە لێواری داڕماندن، کەچی ئەم خانەی راپەراندن و جڤاتە نیشتمانییە وەک " ئەهلول کەهف" دەستەوەسان ھەر لە کۆبونەوە دان“.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا چیا عەباس نووسیویەتی: ”زۆر تایبەت باس لەو خۆپەرست و لادەرانەی ناو گۆڕان دەکەم کە دژ بە بەرنامەی گۆڕان و خواستی کاک نەوشیروان ماوەیەکە لەگەڵ ئەم و ئەو ھاریکاری دەکەن، بۆ بەڕێکردنی چەند کارێکی ترسناک. بێگومان ھیچ ھێزێک ناتوانێت رێگری بکات لەوەی ئەوانە نەکەونە بەر غەزەب و ھەڵچوونی گۆڕانخوازە رەسەنەکان، ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە چەند پۆست و تورەکە دۆلار و هەگبەی گەندەڵی و ناوپیسی زیاتر نییە“.

نموونەشی بە لێژنەی ھەڵبژاردنی گۆڕان بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان هێناوەتەوە و ئاشکرای کردووە: ”ئەوپەری قۆرخکاری و پێشێلکردنی بەشێک لە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی دەرباری دەسەڵاتەکانی لێژنەکە و تەنانەت پێکھاتەکەشی بوونەتە مایەی گەلێک پرسیار، بۆ گۆڕانخوازانی رەسەن ئەو پرسیارانە رەوانە و نابێت بێ وەڵام بمێننەوە، بۆ ئەوانی تر دەبێت خۆڵی بەسەردا بکرێت، چونکە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان وا دەخوازێت“.

لە دوایین تەوەریشیدا ئەو هاوڕێ نزیکەی نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ”بەپێی دەستووری گۆڕان، دەبێت کۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، چونکە کۆنفرانس تاکە دەسەڵاتە بەرنامە و دروشمی ھەڵبژاردن دیاری دەکات. مخابن ئەم دەسەڵاتدارانەی گۆڕانی ئێستا بەزەقی ئەم برگەیەی دەستووریان پێشێل کردووە، لە کاتێکدا ھیچ ھۆکارێکی ڕەوای هەنووکەیی بۆ ئەو بڕیارەیان نییە“.










باسنيوز
Top