هەولێر و بەغدا لەسەر كردنەوەی رێگای هەولێر – كەركووك رێككەوتن
ئەمڕۆ یەكشەممە لە شاری بەغدا، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێك هاتبوو لە لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، دكتۆر فەرهاد نیعمەتوڵڵا، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە عێراق، لیوا سالار، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دكتۆر هونەر نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراقیدا كۆ بوونەوە، كە پێك هاتبوون لە نوێنەری سەرۆكوەزیران، راكان جبووری پارێزگاری بە وەكالەتی شاری كەركووك، دواتر ڕاگەیندراوێكیان بڵاو كردەوە.
ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لە بەغدا، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رێك كەوتوون لەبارەی دووبارە كردنەوەی رێگەی هەولێر - كەركووك "بە زووترین كات".
لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا لەسەر هەرچی زووتر كردنەوەی رێگەی هەولێر - كەركووك رێك كەوتن و، هەروەها بڕیار درا بە دانانی پردێكی ئاسنینی كاتی لە پردێ تاوەكو ئەو كاتەی پردە كۆنكرێتییە رووخاوەكە چاك دەكرێتەوە. هەردوولاش رێك كەوتن لەسەر رێكخستنی ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی بۆ شوێنی پردەكە و ناوچەی پێشنیازكراو كە دەكەوێتە چوارچێوەی ئیدارەی پارێزگای كەركووك و بە گوێرەی ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵییەوە دەردەكرێن.
هاوكات هەردوولا تاوتوێی دانانی بنكەی گومرگییان لە شارۆچكەی پردێ كرد، ئەمەیش بە مەبەستی بەهێزكردنی جووڵەی ئابووری و زیاتركردنی داهاتی دارایی بۆ گەنجینەی دارایی.
kdp-
