یەکێتیی مامۆستایان بۆ دیاریكردنی گرفتە پەروەردەییەكان كۆنفرانسێك دەبەستێت

 یەکێتیی مامۆستایان بۆ دیاریكردنی گرفتە پەروەردەییەكان كۆنفرانسێك دەبەستێت
بەرپرسێكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕای دەگەیەنیت لە ئایندەیەكی نزیكدا لەڕێگەی بەستنی كۆنفرانسێكەوە گرفتەكانی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستنیشان دەكەن و بەمەبەستی چارەسەركردن دەیدەنە لایەنی پەیوەندیدار.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند: "چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە زیاتر كار و هەنگاوەكانمان بۆ چارەسەركردنی مووچە بووە و كەمتر فریای دەستنیشانكردن و چارەسەكردنی گرفتەكانی پەروەردە و خوێندن كەوتووین، لە كاتێكدا كە هەر بەهۆی قەیرانی داراییەوە گرفتەكان زۆر بوون".

جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "بۆ ئەو مەبەستە بەنیازن لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆنفرانسێك ببەستن كە ژمارەیەك مامۆستای ئەزموندار و بەڕێوەبەری قوتابخانەو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و مامۆستای زانكۆ تێیدا بەشداری دەكەن و بە هەموویان گرفتەكانی وەك گرفتی دانەمەزراندن و میلاكی قوتابخانەكان و كەمیی بینای خوێندن و خوێندنی ئەهلی و زۆر بواری دیكە دیاری دەكەین و ڕێگە چارەسەرییەكانیشی دەستنیشان دەكەین".

عەتا ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەموو ئەو گفتوگۆیانە لەسەر گرفت و چارەسەركردنی كێشەكانی باری پەروەردەیی و بواری خوێندنی باڵا دەكرێنە دوو ڕاپۆرت و بەمەبەستی دانانی پلانی چارەسەرەكردنیان دەدرێن بە هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان.












باسنیوز
Top