ئه‌ندامه كوردێكی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور: ده‌بێ مافه‌كانی کورد لە ئایندەی سووریادا دیار بن
ئۆپۆزسیۆنی سووریا لیستی ناوەکانی بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری نوێی سووریا ڕایگەیاند، دوو کەس لە ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سووریا لە نێو ئه‌و لیسته‌دا بوون كه هەر یەک لە حەواس عەگید و زەهرە محەمەدن.
حەواس عەگید بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، كه بۆیه له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا به‌شدارن، تا لە سووریادا پێگەی کورد بەهێز بێت و چیتر پشتگوێ نەخرێت و کورد لە مافە دەستوورییەکان بێبەش نەبێت، چونکە کورد یەکێکە لە پێکهاتە ڕه‌سه‌نه‌كانی وڵاتەکە.
عەگید هاوكات ده‌ڵێ، ئەم ناوانەی ڕاگه‌یێندراون كه له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێ‌دا ڕۆڵیان ده‌بێ، بۆ ئەوه‌یه بنه‌مای ڕێكکەوتنی نووسینەوەی دەستوور دابڕێژن، هه‌ڵبه‌ت دواتر چەندان ژووری تایبەتی و له كه‌سانی پسپۆڕ دروست دەکرێن بۆ نووسینەوەی ده‌ستوور.
له‌باره‌ی كه‌میی ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی نوێنه‌رانی كورد له لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا، به‌راورد به ڕێژه‌ی كۆی ئه‌ندامان، حه‌واس عەگید ده‌ڵێ: ''ئێمەش گلەییمان لەوە هەیە چونکە له‌و ١٥٠ كه‌سه تەنیا دوو نوێنه‌ر کوردن''، له‌و ١٥٠ کەسه، ٥٠یان لە رژێمن، ٥٠یشیان لە ئۆپۆزسیۆنن و ٥٠ کەسیش لە جڤاکی سڤیلن به واتای له پێکهاتەکان و ئایینەکانن، و دواتریش لە هەر یەکێک لەم ٥٠ کەسانە، ١٥یان کاندید دەبن و دەبنە ٤٥ کەس بۆ ڕێكکەوتنی نووسینەوەی دەستوور.
''تا ئێستا ته‌نیا ئەنەکەسە نوێنەرایه‌تیی کورد دەکات و نازانینن داخۆ لایەنە کوردییەکانی تر بە تایبەت پەیەدە و نزیكه‌كانی به‌شدار دەبن یاخود نا''، عەگید وای گوت.
وه‌ك ئه‌و ئه‌ندامه كورده‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور گوتی، ئامانجی کورد لە نووسینەوەی دەستووردا بۆ ئه‌وه‌یه، سووریا وڵاتی هه‌مووان بێت و مافه‌كانی کورد لە ئایندەی سووریادا دیار بن، زمانی کوردییش زمانی فەرمیی وڵات بێت و كێشەی کورد کێشەیەکی نشتیمانی بێت، كوردی زیانبار و سته‌م لێكراو قەرەبوو بکرێته‌وه.
kdp-
