ئیبراهیم برۆ: دەركەوت قوربانییەكانی كورد، بۆ دەستكەوتی حیزبی و ماددیی پەیەدە بووە
مێدیاكانی نزیك لە پەیەدە باس لەوە دەكەن كە، گفتوگۆ لە نێوان پەیەدە و رژێمی سووریا بە فەرمی دەستی پێكردووە و چەندین لیژنەیش بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوانیان پێك هاتوون، هەروەها بڕیاریشە ئەنجوومەنێك دروست بكرێت كە سەرپەرشتیی رۆژئاوای كوردستان بكات و هەموو پێكهاتەكانیش لە خۆ دەگرێت.
پێوهست به دانوستانەكانی نێوان رژێم و پەیەدە، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمەریكا و ڕووسیا سەرقاڵی رێككەوتنن بۆ ئەوەی دەستەڵاتی رژێمی سووریا بگەڕێتەوە بۆ سەر هەموو خاكی سووریا، كە رۆژ بە رۆژ ئەمەیش زیاتر ڕوون دەبێتەوە و ئیدارەی سووریا رێگای بۆ خۆشتر دەكرێت، بە تایبەت ئەو ناوچانەی لە دەستی پەیەدە دان، تەنیا بەشە سەربازییەكەی ماوە كە لە دەست ئەمەریكادایە و نازانین لە پاشەڕۆژدا ئەویش چۆن دەبێت".
برۆ گوتیشی: "هەنگاوەكانی گەڕانەوەی رژێمی سووریا بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی پەیەدە بوونەتە كرداری و، ئەو ناوچانەی عەرەبیان لێیە و لە دەست پەیەدەدا بوون، رادەستی رژێم كراونەتەوە كه ئەو دانوستانانەش هەمووی بێ سەرپەرشتیی لایەنی نێودەوڵەتییە و نموونەی زیندوویش كۆنگرەی رەققەیە، كە پێش چەند رۆژێك ئەنجام درا، ئێمەیش پێمان وایە هەر چارەسەرییەك بۆ سووریا بدۆزرێتەوە، بە بێ بوونی چاودێریی نێودەوڵەتی، نابێتە ڕێگەچارە بۆ كێشەكانی سووریا".
سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، دەشڵێ: "ماوەی پێنج ساڵە پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان شەش جار ناوی ئەو پارچەیەی كوردستانی گۆڕیوە و، ئێستایش دوای قوربانیدانی ئەو هەموو گەنج و لاوەی كورد، رۆژئاوای كوردستان رادەستی سووریا دەكاتەوە، بۆیە دەركەوت پەیەدە هیچ پڕۆژەیەكی نەبوو نە بۆ سووریا و نە بۆ مافی كورد و، هەموو قوربانییەكان بۆ دەستكەوتی حیزبی و ماددی بوون، بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنی و پارە لە وڵاتان و رژێمی سووریا وەرگرن، بۆیە وڵاتان هیچ مافێكیان بە كورد نەداوە".
kdp-
