پۆلیسی سلێمانی: باوکێک دوای بریندارکردنی کوڕەکەی خۆی کوشت

 پۆلیسی سلێمانی: باوکێک دوای بریندارکردنی کوڕەکەی خۆی کوشت
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە باوکێک دوای ئەوەی کوڕەکەی بە فیشەکێک بریندار دەکات، خۆی کوشت.

ئەمڕۆ شەممە 28/7/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی شەڕ و دەمەبۆڵەی نێوان کوڕ و باوکێک، باوکەکە فیشەکێکی ناوە بە کوڕەکەیەوە و برینداری کردووە، دواتر بە فیشەکێک خۆی کوشتووە".

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش کردووە، پاش گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەڵگەی تاوان، کوڕەکە گەیەنرایە نەخۆشخانە و تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کرا.

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بە گوتەی خێزانەکەی، باوکەکە وایزانیوە کوڕەکەی گیانی لەدەست داوە، بۆیە خۆی کوشتووە".

باوکەکە ناوی (ئ، ع، ئ)ە و لەدایکبووی ساڵی 1967ە، کوڕەکەش ناوی (ب، ئ، ع)ە و دانیشتوەی گەڕەکی سێتوانن لە سلێمانی".

پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، کە ئێستا لەلایەن بنکەی پۆلیسی ئیبراھیم ئەحمدەوە پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکانیش دەستیان پێ کردووە.













باسنيوز
Top