نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ کۆ بووەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئیوارەی رۆژی هەینی 27/7/2018، نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، کۆ بووەتەوە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و شاندە ئەمریکییەکە بارودۆخی سیاسیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتەیان تاوتوێ کردووە.
مەکگرۆک و شاندە ئەمریکییەکە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدایان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی بەرز نرخاندووە.
نێچیرڤان بارزانی و برێت مەکگۆرک گفتوگۆشیان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق و جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران کردووە، جگە لە بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر و واشتن.
باسنیوز
