لیژنەی ئەوقافی پەرلەمان: لێرەولەوێ خەڵکانێک گەنجانمان بۆ تیرۆر و توندڕۆیی پەروەردە دەکەن
ھەرێمی کوردستان لە دێرزەمانەوە وڵاتی پێکەوەژیان و لێبۆردەیی و مرۆڤدۆستی بووە، بەڵام بە ھۆی ڕووداوەکانی ناوچەکە و بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە جیھاندا ھەوڵی زۆر ھەن، کوردستانیش بەرەو وڵاتی توندڕۆیی بەرن، کەچی ھێشتا میللەتی کوردستان لەسەر بەھای ئەخلاقی و ئایینیی ڕاستەقینە ماوە و تەسلیمی بیری چەپەڵی توندڕۆیی نەبووە، لەوبارەیەوە سیراج شێخ ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بیری توندڕۆیی دەمێکە لە جیھاندا ڕەگی داکوتاوە و پێویستە لە ڕووی فکرەوە بەرەنگاری ببینەوە، پلان و بەرنامەی تایبەتی دەوێ، بەتایبەت لەسەر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییە لە ڕێگەی قوتابخانە ئایینییەکان و مامۆستا و زانایان پڕۆژەی ھەبێـت، تا خەڵک بەرەو تیرۆر و توندڕۆیی ھان نەدرێن و ئەو دەقانە بۆ ھاووڵاتیان ڕاڤە بکەن کە باس لە پێکەوەژیان و گیانی لێبۆردەیی دەکەن، بەداخەوە بەشێک لە مامۆستایانی کەمتەرخەم بوونە و نەیانتوانیوە پەیامەکە وەک خۆی بگەیەنن.
سیراج شێخ ئەحمەد دەڵێت: "من نایشارمەوە وەزارەتی ئەوقاف و پەروەردە ڕۆڵی خۆیان بەتەواوی جێبەجێ نەکردووە لەوەی خەڵک دوور بخرێتەوە لە بیری توندڕۆیی، چونکە ئەگەر ئامارێک ھەبێت ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات زیاتر ئەوانەی بەرەو بیری توندڕۆیی چوونە، یان باوەڕیان بە گرووپە تیرۆریستییەکان ھێناوە، خەڵکێکن زیاتر لە دەرەوەی قوتابخانە ئایینییەکان و مزگەوتەکان پەروەردە کراون."
لە ھەرێمی کوردستان چەندین دەزگەی تایبەت بە توێژینەوە و پەروەردە و ئەکادیمی ھەن، بەڵام وەک شێخ ئەحمەد ئاماژەی بۆ کرد، ھێشتا بەتەواوەتی ڕۆڵیان نەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆیی. سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت: "پێویستە کۆمەڵگە و حکوومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە بابەتی تیرۆر بێنە دەنگ و ئەرکی ھەموومانە بەرەنگاری ئەو پیلانانە ببینەوە، ھەست دەکەم شەرمێک ھەیە لەو ڕووەوە لەبەر بابەتی ئایین و فەرموودە زۆر کەس نایەوێ خۆی لە قەرەی پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی بدات، بەپێچەوانەوە دەبێت ھەموومان بێینە دەنگ، ئەو گەنجانەی ھێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر تەمەنیان زۆر منداڵ بووە و حەقە لێکۆڵینەوە بکرێت ئەوانە لە کوێ پەروەردە کراون، ئەوانەیشی خەڵکی لەسەر بیروباوەڕی توندڕۆیی پەروەردە دەکەن ھیچ ڕێکخراو و سەنتەرێکیان نییە، لە پێچ و پەنای ھەموو شوێنێک کار بۆ پەروەردەکردنی منداڵ دەکەن."
ناحەزان و گرووپە تیرۆریستیەکان چەندین ساڵە ھەوڵ بۆ تێکدانی ڕەوشی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان و پێکەوەژیان دەدەن، بەڵام پیلانەکانیان سەری نەگرتووە و زۆرێک لە پیلانەکانیان بەر لە جێبەجێکردنی پووچەڵ کراونەتەوە، سیراج شێخ ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ھەولێر ڕووی دا پێم وایە ئەوەندە گەورە نەکرێت لە قەبارەی خۆی زیاتر بێت، چونکە حاڵەتی کردەوەی تیرۆری وەک دزی وایە و لە ھەموو جیھان ڕوو دەدات، پرسەکە ئەوە نییە لە ھەولێر ڕەوشی ئەمنی خراپە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەڵێ ھەرێمی کوردستان ئارامە لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵام لێرە و لەوێش خەڵکێک ماوە تا گەنجەکانمان بەرەو توندڕۆیی و تیرۆر ھان بدات، چوار دەوری ئێمە تیرۆرە، دەبێ ئاگاداری ئەمنییەتی وڵاتی خۆمان بین."
سیراج شێخ ئەحمەد گوتی: "لەمەودوا دەبێ وەزارەتی ئەوقاف کار لەسەر ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بکات، لەبەر ئەوەی دەڵێم بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی خۆیان جێبەجێ نەکردووە و بەداخەوە ھەندێک مامۆستای ئایینی گوتارخوێنی مزگەوتن و لە ئاستی پێویستدا نین، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە پێداچوونەوەیەکی تەواو بکرێت لە گوتاری ڕۆژانی ھەینی و سیستەمی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان."
kdp-
